ئاڵۆزییەکانى شنگال دەستیپێکردەوەو رێگە بە سوپای عێراق نادرێت بچێتە ناو شنگالەوە

عیراق

06/05/2022‌ 2538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جارێکى دیکە ئاڵۆزییەکانى شنگال دەستیپێکردەوەو هاوڵاتیانى قەزاى شنگال رێگە بە سوپای عێراق نادەن بچێتە ناو شنگال و ناوچەکانى دیکەى دەوروبەرى.

عەلی حاجۆ چالاکوان لە شنگالەوە بە شارپرێسی راگەیاند، ئەمڕۆ هەینى هێزێکى سوپای عێراق ویستان بێنە ناو شنگال و ناحیەى سنونێ و گوندەکانى ئەو ناوچانە، بەڵام لەلایەن هاوڵاتیانەوە رێگەمان لێگرتوون.

ئاماژەى بەوەشکرد، تائێستا رێگری هاوڵاتیان بەردەوامەو لەسەر رێگای سەرەکى شنگال وەستان و رێگە بە سوپا نادەن بچنە ناو شنگالەوە.

ئەو چالاکوانە باس لەوەش دەکات، سوپای عێراق هەڕەشە لە هاوڵاتیان دەکات ئەگەر رێگە نەدەن ئاوا بە توندوتیژی بڵاوەیان پێدەکەن و دەچنە ناو شنگال و ناوچەکانی دیکەوە.

هەروەها ئەو چالاکوانە دەشڵێت، بەردەوام دەبین لەسەر رێگریکردن لە سوپای عێراق و لەو ناوچانەشی ئێستا سوپای لێیە دەبێت بکشێنەوە، چونکە ئەوانە هاتوون خاکى ئێمە داگیر بکەن و بە پیلانی تورکیاو پارتى هاتوونەتە ناوچەکە.

بەوتەى ئەو چالاکوانە هێزی پاراستنى شنگال یەبەشە تائێستا دانی بەخۆیدا گرتووەو چەکی رووبەرووی سوپای عێراق بەرز نەکردوەتەوە، بەڵام ئەوەى ئەوان لە یەبەشە بیستوویانە چیتر پێشڕەوی سوپای عێراق قبوڵ ناکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی‌ ڕابردوو، پاش دو رۆژ له‌ پێكدادانی نێوان سوپای عێراق و یه‌به‌شه، وه‌فدێكی سه‌ربازی عێراق گه‌شتنه‌ شه‌نگال.

دوێنێش حه‌سۆ ئیبراهیم، وته‌بێژ به‌ناوی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر له‌ شنگال رایگەیاند: فه‌رمانده‌كانی‌ سوپای عێراق و فه‌رمانده‌كانییه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شه‌نگال (یه‌به‌شه‌) دانوستانیان ئه‌نجامداوه‌و گه‌شتونه‌ته‌ لێكتێگه‌یشتن به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ندێكلایەن بانگه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن کە ناوچه‌كه‌ ململانێ به‌ خۆوه‌ ده‌بینێت.

به‌رپرسێكی ناوچه‌کەش داوای لەو خێزانه‌ ئێزیدیانەی كه‌ له‌مدواییانه‌دا بەهۆی به‌هۆی فوتێكردنی میدیاییه‌وه ئاوارە و دەربەدەر بوون‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كەیان ‌و به‌ شێوەیەکی ئاسایی ژیانی خۆیان به‌سه‌ر به‌رن.

هەروەک فه‌رمانده‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا ڕایگه‌یاندووە، کە مه‌به‌ست له‌ بوونی سوپای عێراق له‌ شه‌نگال بریتییە لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیان وجەختیشی  له‌ ئارامبونه‌وه‌ی‌ دۆخی ئەمنیی ناوچەکە‌ كردووەتەوە.