زێدان له‌باره‌ى دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێم‌و دادگاى فیدراڵیه‌وه‌ زانیارییه‌كى نوێ ئاشكراده‌كات

عیراق

23/06/2022‌ 2872 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق له‌په‌یامێكدا ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی لەکارەکانیدا به‌تەواوی سەربەخۆیەو بەگوێرەی دەستوریش بڕیارەکانی ناچارین بۆ هەمولایەنەکان، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "هیچ لایه‌نێك بۆی نییه‌ سەرپێچی له‌بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بکات، هه‌رلایه‌نێكیش بڕیاری ئه‌و دادگایه‌ جێبه‌جێنه‌كات بەپێشێلکردنی دەستورو یاساکان تۆمەتباردەکرێت"، ده‌شڵێت:"دۆسیه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌به‌رژه‌وه‌ندی سكاڵاكار كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت بوو یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌".


فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق له‌چاوپێكه‌وتنێكدا ڕایگه‌یاند، دادگای فیدڕاڵی عێراق بەشێکە لەدەسەڵاتی دادوەری‌و کارەکانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەکات کە بەتەواوی جیاوازە لەکاروباری حکومەت، بۆ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ش به‌شێك له‌بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی دژی خواستی حکومەت بون.

سەبارەت بەدۆسیەی نەوتی هەرێم فایه‌ق زێدان ئاشكرایكرد، "ئه‌و پرسه‌ جێگه‌ی مشتومڕو ناكۆكی بوو، دادگای فیدڕاڵی دۆسییەکەی لەبەرژەوەندی وەزارەتی نەوت یەکلاییکردەوە، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە وەزارەتی نەوت لایەنی سکاڵاکار بوە وەک هەر دۆسییەکی دیکەو بەڵگەکانی خۆی پێشکەشکردووە، دادگاکە مافی مامەڵەکردن بەسامانی سروشتی بەگوێرەی دەستوریی، بۆ حکومەتی فیدڕاڵی گەڕاندووەتەوە".

ڕاشیگه‌یاندوه‌، دوای بەدواداچونی دۆسییەکه‌ له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵیه‌وه‌ دەرکەوتوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق بەپێی دەستور مافی ئەو داوایەی هەیە کە دژی یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی کوردستان تۆماریکردوە، هه‌ربۆیه‌ سكاڵاكه‌ لەبەرژەوەندی وەزارەتی نەوت یه‌كلاكرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا فایه‌ق زێدان باسی له‌وه‌كردوه‌، دەکرێت لەڕێگەی هەموارکردنەوەی ژماره‌یه‌ك برگەی دەستورەوە چارەسەر بۆ بەشێک لەکێشەی وادە دەستورییەکان بکرێت کە هەموو کاتێک لەگەڵ هەڵبژاردن‌و پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕوبەڕوی دەبنەوە، بەڵام لەهەموو دۆخ‌و دەستورێکی نوێشدا دادگاکان بەسەربەخۆیی دەمێننەوەو دەسەڵاتی دادوەری عێراقیش نابێتە بەشێک لەناکۆکی نێوان لایەنەکان.