زانا چینییەکان لەبارەی بوونی بوونەوەری زیندوو لەسەر مەریخ چی دەڵێن؟

هەمەڕەنگ

17/07/2022‌ 957 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانا چینییەکان ئاشکرایکردووە کە رەنگە جۆرێک لە بەکتریا کە بە بەکتریا موگناتیسییەکان (MTB) ناسراون لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ بژین، ئەویش بەهۆی ئەو "قەڵغانە موگناتیسییە"ی بوونەوەرە زیندووەکان لە تیشکە سەروو بنەوشەییەکان دەپارێزێت.

بۆ تاقیکردنەوەی ئەوە زاناکان لەڕێگای باڵۆنێکەوە ئەو جۆرە بەکتریایەیان رەوانەی بەرگەهەوای نزیکی زەویی کرد و بۆماوەی چەند کاتژمێرێک بەر تیشکی سەروو بنەوشەیی کەوتن، لەئەنجامدا بەشێک لە شێوەکانی بەکتریاکە کە لە بەرزیی 23 کیلۆمەتر و لە کەشێکی کەمئۆکسجیندا توانیان رزگاریان ببێت و بمێننەوە.

بەکتریا موگناتیسیەکان (MTB)، بوونەوەری وردی زیندوون و  لە ساڵی 1975 دۆزراونەتەوە و بە درێژایی هێڵەکانی کێڵگە موگناتیسیەکان توانای جوڵەکردنیان هەیە.

ئەو بەکتریایانە بەگشتیی لە ئاوی شیرین و ژینگە ئاوییەکاندا دەژین و دەتوانن  نانۆ کانزای موگناتیسی لە ئاسن درووست بکەن کە وەک قیبلەنومایەک لە گواستنەوەیان لە بواری موگناتیسی زەویی یارمەتییان دەدات.

وەک دەزانرێت کە ڕووی مەریخ 17 ئەوەندەی ڕووی زەوی بەر تیشکدانەوە دەکەوێت. هەروەک هەسارەی سوور هیچ بوارێکیی موگناتیسی نییە بۆ لادانی تەنۆکە چالاکەکان و بەرگەهەواکەی زۆر لە بەرگەهەوای زەویی تەنکترە.

بەڵام زاناکان وتویانە کە پێویستیان بە تاقیکردنەوەی پێشکەوتوو هەیە بۆئەوەی بۆیان یەکلایی ببێتەوە کە ئایا تاچەند ئەو بەکتریایانە توانای ژیانیان لەسەر ژینگەی هەسارەی مەریخ هەیە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی