شارپرێس:
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی دامەزراوەی "هارڤارد هێلس"، خۆشوشتن بەئاوی سارد کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ هەیە، بەوپێیەی ڕەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بەنۆرەدڵێ یان ناڕێکی لێدانی دڵ.
دامەزراوەکە دەڵێت: "شۆکبوون بەئاوی سارد لەکەشی گەرمدا دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی لوولە خوێنەکانی پێست، ئەمەش وادەکات بەرەنگاری هاتنو چوونی خوێن لەناو جەستەدا بکات، لەئەنجامدا تێکڕای لێدانی دڵ بەرزدەبێتەوەو دڵیش ناتوانێت وەک پێویست خوێن ڕەوانەی هەموو بەشەکانی جەستە بکات".
هارڤارد هێلس لەلێکۆڵینەوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، خۆشووشتن بەئاوی سارد بەشێوەیەکی ڕێژەیی ڕەنگە گەنجانیشو ئەوانەشی کە تەندرووستییەکی باشیشیان هەیە تووشی جەڵتە بکات.
هەروەک کۆمەڵەی دڵ لەئەمریکا ئاماژەی بەلێکۆڵینەوەیەک کردووە کە دەریدەخات خۆشووشتن بەئاوی سارد لەکەشی گەرمدا، دەبێتە هۆی تووشبوون بەجەڵتەی دڵ لای کەسانی گەنجو تەندرووست.
لێکۆڵینەوەکە باسی لەوەکردووە، مەلەکردنو بەکتوپڕی خۆخستنە ناو ئاوی سارد لەکەشی سارددا زیان بەجەستە دەگەیەنێت.
کۆمەڵە ئەمریکییەکە دەڵێت، وەڵامدانەوەی جەستە بۆ شۆکی ئاوی سارد بریتی دەبێت لەخێراکردنی لێدانی دڵو خێرا هەناسەدان، کە لەئەنجامدا دەبێتە هۆی نائاساییبوونی ڕیتمی دڵو لەهەندێک حاڵەتدا تووشبوون بەمردنی کتوپڕ.
و: ئاکۆ ئاڵی