تائێستا سودى مۆزی سەوزت زانیوه‌؟

تەندروستی

02/08/2022‌ 214 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی کە لەمدواییە لەبەریتانیا کراوە، ئەوەیدەرخست، مۆزی نەگەیووی ڕەنگ سەوز، یارمەتییدەرە لەڕێگریکردن لەتووشبوون بەچەندینجۆری نەخۆشیی شێرپەنجە.


بەگوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، پزیشکان سیستەمێکی خۆراکییان بۆ ئەوکەسانە دیاریکردووە کە مەترسی بۆماوەیی زۆریان لەسەرە بۆ تووشبوون بەنەخۆشیی شێرپەنجە، کە نیشاستەی بەرگریکار "resistant starch"ی تێدایە، بەوپێیەی بۆیان دەرکەوتووە، ئەو سیستەمە خۆراکییە مەترسی تووشبوون بەهەندێکجۆری نەخۆشیی شێرپەنجە بەڕادەی لەنیوە زیاتر کەمدەکاتەوە.

نیشاستەی بەرگریکار جۆرێکە لەجۆرەکانی کاربۆهدرایت‌و جۆرێک خواردنی وزەبەخشە، بەشێوەیەکی زۆر لەخۆراکەکانی وەک شۆڤان‌و فاسۆلیاو مۆزی نەگەیشتووی سەوزدا هەیە.

لێکۆڵینەوەکە لەسەر نزیکەی 1000 کەس کراوە کە تووشبووی کۆنیشانە لینش بوون (دۆخێکی بۆماوەییە کە وا لەکەسەکە دەکات زیاتر مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی لەسەربێت)، لەماوەی لێکۆڵینەوەکەدا بەشداربووان ڕۆژانە نیشاستەی بەرگریکاریان پێدراوە کە هاوتاوی مۆزێکی نەگەیوو بووە، ئەوەش بەتێکڕایی بۆماوەی دوو ساڵ.

لەئەنجامدا دەرکەوتووە کە هەر تەنها مەترسیی تووشبوون بەشێرپەنجەی ڕیخۆڵەکانی کەمنەکردۆتەوە، بەڵکو مەترسیی تووشبوون بەجۆرەکانی تری شێرپەنجەشی بەڕێژەی لەسەدا 60 کەمکردۆتەوە.

هەر لەوبارەیەوە پڕۆفیسۆر جۆن مازەرز پسپۆڕی خۆراکپێدانی مرۆیی لەنیوکاسڵ وتویەتی، "دەکرێت نیشاستەی بەرگریکار لەشێوەی "سەپڵیمێنتی هاوڕدراو"و بەشێوەی سروشتیی لەناو بازێلاو پاقلەو شۆڤان‌و خۆراکە نیشاستەمەنییەکانی تریشدا دەستبکەوێت".

وتوشیەتی:"ئەو نیشاستەیەی لەناو مۆزدایە بەرگەی شیبوونەوە دەگرێت‌و دەگاتە ڕیخۆڵەکان، لەوێش دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر گۆڕینی جۆری بەکتریاکان".

و: ئاکۆ ئاڵی