زانیاریی گرنگ له‌باره‌ى پارتى‌و یه‌كێتیه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

06/08/2022‌ 7693 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سیاسەتمەدارێکی دیاری عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، کورد ترسی لەگۆڕینی دەستورو سیستمی سیاسی‌و حوکمڕانی عێراق هەیە، ده‌شڵێت:"کورد درکی بەم مەترسییە کردووە، ئەگینا هەوڵەکان لەسەر نزیکبوونەوەی پارتی‌و یەکێتی لەسەر مەسەلەی سەرۆک کۆمار باشن‌و لێکنزیکبوونەوەى باشیش هەیە لەنێوانیاندا".


عزەت شابەندەر سیاسەتمەداری دیاری عێراق باس له‌ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدرو هێزە شیعەکان ده‌كات‌و دەڵێت، "ناکۆکی نێوانیان ناگاتە ئاستی پێکدادان‌و ڕشتنی خوێنی عێراقییەکان، هەوڵی زۆر هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی عێراقی تێکەوتووە، ناکۆکی تەنها لەنێو شیعەدا نییە، بەڵکو لەنێو کوردو سوننەشدا هەیە، بەڵام ناکۆکی نێوان دوو بەرە شیعییەکە توندترە".

ئاماژه‌ى به‌ئەگەره‌كانى هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لەعێراق كردووه‌و ده‌ڵێت، "هەڵبژاردنی پێشوەخت یەکێکە لەپابەندبوونەکان، پێموانییە ناکۆکی لەنێوان دوو بەرە شیعییەکە لەسەر ئەمە هەبێت، بەڵام تێڕوانینەکان لەسەر حکومەت جیاوازن".

هه‌روه‌ك باسى له‌نزیكبونه‌وه‌ى پارتى‌و چوارچێوه‌ى هه‌ماهه‌نگى كردووه‌و ئاشكرایكردووه‌، "سەرباری بوونی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕەوتی سەدر لەڕابردودا، بەڵام لێکتێگەیشتن‌و گفتوگۆ لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان‌و چوارچێوەی هەماهەنگیش هەیە، نێوان پارتی‌و چوارچێوەی هەماهەنگی زۆرباشە".

له‌باره‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمارو ناكۆكیه‌كانى یه‌كێتى‌و پارتى شابەندەر بۆ ڕونیکردۆته‌وه‌، "پێشهاتەکانی ئەمدواییەی عێراق، ناکۆکی نێوان یەکێتی‌و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دواخستووە، مەسەلەی سەرۆک کۆمار قورس نییە، کورد ترسی لەگۆڕینی دەستورو سیستمی سیاسی‌و حوکمڕانی عێراق هەیە، کورد درکی بەم مەترسییە کردووە".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئەگینا هەوڵەکان لەسەر نزیکبوونەوەی پارتی‌و یەکێتی لەسەر مەسەلەی سەرۆک کۆمار باشن، لێکنزیکبوونەوە هەیە لەنێوان دوو حزبە کوردییەکە".

ش.هـ