حکومەتى هەرێم بانکێکی نوێ دادەمەزرێنێت و دەبێتە جێگرەوەى بانکەکانی دیکە

کوردستان

12/08/2022‌ 1379 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی هەرێمی کوردستان بانکێکی نیشتیمانى دادەمەزرێنێت کە دەبێتە جێگرەوەی هەموو بانکەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان وەکو حکومەت، بەڵام بانکە ئەهلییەکان ئیش و کاری خۆیان دەکەن.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە حکومەتى هەرێم لەچاوپێکوتنێکدا لەگەڵ لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند"بانکی نیشتمان بانکێکی حکومییە، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهاوکاری وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت. ئەو بانکە کار دەکات بۆ رێکخستنەوەی بانکە حکومییەکان و بانکە بازرگانییەکان کە لە ئێستادا ژمارەیان ٩٤ بانکە. هەوڵ دەدات ئەو بانکە هەموو ئەو کارگێڕییانەی کە لە بانکە حکومییەکان هەیە رێکبخاتەوە."

ئاماژەى بەوەشکردوە کە کردارە بانکییە تەقلیدییانەی کە لە ئێستادا لە بانکەکان پەیڕەو دەکرێت، دەیەوێت نەمێنێت و بەڵکو ببێتە بانکێکی مۆدێرن شانبەشانی بانکەکانی دیکە وەکو بانکە ئەهلییەکان و ئەو بانکانەی کە بەستراونەتەوە بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دامەزراوە.

هەروەها روونیکردەوە کە مەبەستی دیکەی زۆری لە پشتە ئەو بانکە، چونکە ئەوان تەنانەت دیانەوێت فەرمانبەرەکانی خۆشیان ڕێکبخەنەوە، چونکە دەیانەوێت کارێک بکەن کە ببێتە بنەما بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

مەولوود سابیر ئەوەى خستەڕوو، ئەو کابینەیە یەکێک لە کارەکانی ئەوەیە کە چاکسازی بکات لە بواری بانکی و بتوانین بە زووترین کات ئەو بانکە ببەستینەوە بە بانکی ناوەندی عێراقی و پاشان بە بانکەکانی دەرەوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو کردارە بانکییانەی کە بانکە پێشکەوتووەکان ئەنجامی دەدەن، ئێمەش لە بانکی نیشتمان ئەنجامی بدەین.

هەروەها مەولوود سابیر:د ئاشکرای دەکات کە سەرمایەی ئەو بانکە ٢٥٠ ملیار دینارە، لەو بڕە ٢٥ ملیاری بە نەقد لە ئەژمێرێکی تایبەت لە بانکی ناوەندی عێراقی لە لقی هەرێمی کوردستان دانراوە، وە ٢٢٥ ملیار عەقاراتی بانکە بازرگانییەکانە، و خۆشبەختانەش ئەوە هەموو ڕێکارەکانی تەواو بووە.

بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان باسى لەوە کردوە، ئەوان هەموو سەرمایەکەیان تەواو کردووە و لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نووسراو کراوە بۆ بانکی ناوەندی عێراقی بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ تەواو کردنی ئەو بانکە، چونکە هەرچی سەرمایەی ئەو بانکە هەیە کە ٢٥٠ ملیار دینارە هەمووی تەواو بووە.

مەولوود سابیر وتیشى، ئێمە چاوەڕێی بەغداین، هەرچی ڕێکار بووە کە تایبەت بووە بە هەرێمی کوردستان ئێمە هەموومان تەواو کردووە. هیچ کارێک لەسەر هەرێمی کوردستان نەماوە و ئێمە هەموومان تەواو کردووە. ئێمە پارێزەرمان هەیە، بۆ ئەوەی ئەو کارە تەواو بکات و من چەند جارێک قسەم لەگەڵ کردووە، ئەویش لەسەر هێڵە و تەنیا ئەوە ماوە کە ئیعاز بدرێت بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان تەواو بکرێن.

ئەو بەرپرسەى حکمەتى هەرێم راشیگەیاندوە، ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان قسە دەکەین، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بانکە کە دادەمەزرێت، دەبێتە جێگرەوەی هەموو بانکەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان وەکو حکومەت، بەڵام بانکە ئەهلییەکان ئیش و کاری خۆیان دەکەن.

س.هـ

بەپەلە