هونەرمەندێکی دیاری تورک پشتیوانى خۆی بۆ کوردانى رۆژهەڵات راگەیاند

جیهان

29/09/2022‌ 2220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هونەرمەندێکی دیاری تورکیا پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات دەکات و سۆزی خۆی بۆ ژیان ئەمینی دەردەبڕێت
سەزان ئاکسۆی کچە هونەرمەندی بەناوبانگی تورکیا لە پۆستێکیدا لە هەژمارە تایبەتیەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی " بەڕێزەوە دەستم دەخەمە سەر سنگ و ئازاری ئێوە ئازاری منیشە، خەبات و تێکۆشانی ئێوە خەبات و تێکۆشانی منە".

سەزان کە بە یەکێک لە بەناوبانگترین هونەرمەندە گەنجە تورکەکان دەناسرێت لەبارەی خەباتی ژن بۆ ئازادی نوسیویەتی " ماوەیەکی درێژە بەهەست و سۆزو تێفکرینێکی شڵەژاو چاودێری ڕووداوەکان دەکەم. بەردەوام لەگەڵ خۆمدا دەڵێم ئایا لەپێناو بەدەستهێنانی یەکسانی لەناو ئەوسیستم و شێوازە ژیانەی پیاوسالاریەدا چەند (تەن) ئازار کێشان پێویستە؟ ئازادی پێویستی بە چەند مردنی تر هەیە؟ چەند ژن؟ چەند ڕۆڵە؟ چەند جەنگ؟ چەند ئەشکەنجە، چەند گیان ی پێویستە؟"

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی دە ڕۆژی ڕابردوی ڕۆژهەڵات و ئێران سەزان ئاکسۆی نوسیویەتی " ژنان لە ئێران ئیتر چارەنوسی بەلەچک داپۆشراو دەدڕێنن. مرۆڤە چاکەکان پشتگیریان دەکەن. ئەو رێگایەیی گرتویانەتەبەر بەسەر پشکۆکاندا رێکردنە، بۆ مەرگی مەهسا کەتەمەنە جوانەکەیان لێ سەندەوە، بۆ هەموو ژنە ئازاو جەسورەکانی ئێران و چیهان، بەرێزەوە دەستم دەخەمە سەر سنگ. ئازاری ئێوە ئازاری منیشە، خەبات و تێکۆشانی ئێوە، خەباتو تێکۆشانی منیشە".

ئاکسۆی وێرای ئەوەی بە یەکێک لە هونەرمەندە دیار و بەناوبانگەکانی تورکیا ناسراوە بەردەوام  بە کەسێکی زۆر مرۆڤ دۆست و بە هەڵوێست و چاو نەترس ناوی دەهێنرێت بەرامبەری سیستمی دەسەڵاتداری تورکیا و بەشێک لە شارەزایانی تورکیا دەڵێن سەزان لەگروپی ئاقڵمەندەکانی قۆناغی چارەسەریدابوو بۆ پرسی کورد لەتورکیا، گۆرانیەکانی زیاتر هەستێکی فەلسەفی و بزوێنەری مرۆڤایەتیان تێدایە.