ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئازادکردنی دوو ڕۆژنامەنوسەکەی بوار شکستیان ھێنا

کوردستان

13/10/2022‌ 806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

سەرۆكی سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵێكی سەنتەری میترۆ بۆ ئازادكردنی هەردوو رۆژنامەنووس (سەرتیپ وەیسی ، ئیبراهیم عەلی)، سەركەوتوو نەبووە و دەڵێت: گەر ئەمشەویش نەهێنرێنە بەردەم دادوەری ئێشكگر، كەیسەكەیان تەماشا نەكات ئەوا دیارە پلانەكە درێژكردنەوەی مانەوەیانە لە بەندكردن.


ڕەحمان غەریب، سەرۆكی سەنتەری میترۆ لەبارەی ئازادكردنی سەرنوسەر و بەڕێوەبەری نوسینی دەەزگای میدیایی بوارەوە نوسیویەتی: میترۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارو سكاڵاكارو خاوەن بڕیاری یەكێتی قسەی كردوە، وەڵامی هیچ كەس لەو لایەنانە بۆ ئێمە دڵخۆشكەر نەبوون، ڕوون نەبوون، تەنها توانیمان دەرفەتێك بڕەخسێنن بیانبینین.

دەشڵێت: دوای رەخنەگرتنمان لە دەزگای دژە تیرۆر كە نەك لەم كەیسە بەڵكو لە چەندین كەیسی تردا هەبوون كە لە راستیدا ئەركی پۆلیس بووە، دوای ئەوە دەرگایان بە رووماندا داخست، دوو لایەنی گرنگ پەیوەندییەكانیان لەگەڵمان پچڕان وەڵامی پەیوەندییەكانمان نادەنەوە.

ئاشكرای دەكات، دەستگیراوە بە سەر مۆبایلی تایبەت و كۆمپیوتەرێكی ئەم دوو رۆژنامەنووسە، كە رەنگە سەرچاوەی زانیارییان ئاشكرا بكرێت، و وتیشی: ئەمە لە كاتێكدا كە بە پێی یاسای رۆژنامەگەری رۆژنامەنووس مافی ئەوەی هەیە كە سەرچاوەی زانیارییەكانی ئاشكرا نەكات تەنها بە بریاری دادوەر نەبێت. دەستگرتن بە سەر ئامێری پەیوەندییەكان تەكنیكێكی نوێیە بۆ ئاشكراكردنی سەرچاوەی زانیاری میدیاكاران.

ئەم دوو رۆژنامەنووسە بە پێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دۆسییەیان بۆ كراوەتەوە، نەك یاسای رۆژنامەگەری، ئامانجیش توندكردنیانە لە زیندان، هەموو هەوڵێكی سەنتەری میترۆ بۆ ئازادكردنی هەردوو رۆژنامەنووس (سەرتیپ وەیسی ، ئیبراهیم عەلی)، سەركەوتوو نەبووە گەر ئەمشەویش نەهێنرێنە بەردەم دادوەری ئێشكگر، كەیسەكەیان تەماشا نەكات ئەوا دیارە پلانەكە درێژكردنەوەی مانەوەیانە لە بەندكردن.

شەوی نۆی مانگ، هەردو ڕۆژنامەنوس سەرتیپ قەشقەیی سەرنوسەری دەزگای میدیایی بوار و ئیبراهیم عەلی بەڕێوەبەری نوسینی ئەو دەزگایە لەلایەن دژە تیرۆری یەكێتییەوە دەستگیركران و تائێستا ئازاد نەكراون.

بەپەلە