16ى ئۆکتۆبەر چی ڕویدا؟ ورده‌كاریه‌كانى له‌ڕاپۆرتێكى شارپرێسدا

ڕاپۆرت

16/10/2022‌ 739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێنج ساڵ بەر لەئێستاو لەبەرەبەیانێکی زودا، هاوڵاتیانی کوردستان بەهەواڵێکی شۆکهێنەر بەخەبەرهاتن‌و لەگەڵ یەکەم تیشکی خۆری ڕۆژێکی نوێدا، شاهیدی ڕوداوێک بون کە بەخەونیش بیریان لێنەکردبۆوە، ڕوداوێک کە بۆ ڕونەدانی هەموان ئامادەبون خوێنی خۆیان بڕێژن‌و ببنە قوربانیی، لە16ى ئۆکتۆبەری ساڵی 2017داو لەپێشهاتێکی چاوەڕواننه‌کراودا لای هاوڵاتیانی هەرێم، زیاتر لەنیوەی خاکی هەرێم لەچەند کاتژمێرێکدا لەدەستدراو تائێستاش ڕۆژ بەڕۆژ قەبارەی ئەو داگیرکارییە زیاتر دەبێت‌و کەسیش ناتوانێت بەری پێبگرێت.


 لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی ئەوکاتی هەرێم‌و لەئەنجامی ناڕەزایی‌و توڕەیی دەسەڵاتدارانی عێراق‌و دەوڵەتانی دراوسێ‌و ناوچەکە، ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە هاتەئاراوە بۆ سەندنەوەی کەرکوک‌و خانەقین‌و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم‌و گەڕانەوە بۆ خاڵی پێش هاتنی داعش.

ئەگەرچی لەکاتی هێرشەکانی داعشدا هێزەکانی پێشمەرگە دەرفەتێکی باشیان بۆ ڕەخساو  توانییان هەیمەنەی خۆیان بسەپێنن بەسەر تەواوی ناوچەکانداو وەک دیفاکتۆیەک سەرجەم ئەو ناوچانەی کە بەناوچەی کوردستانی هەژماردەکرێت کەوتنەوە دەست هێزە کوردیەکان، بەڵام لەئەنجامی ڕیفراندۆم‌و دواتر ڕوداوەکانی 16ى ئۆکتۆبەر تەواوی ئەو ناوچانە لەکورد سەنرانه‌وه‌و ژمارەیەکی زۆریش لەگوندو ناوچە کوردیەکان تەعریبکران‌و تائێستاش پرۆسەکە بەردەوامە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لەیەکەم ساتی ڕوداوەکانەوە یەکێتی بەبەرپرس زانی‌و بەخیانەتێکی نیشتمانی وێنای ڕوداوەکەی کردو ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەڕێککەوتنێکی یەکێتی‌و حەشدی شەعبی‌و دەوڵەتانی دراوسێ کارەکە ئەنجامدراوە، یەکێتیش هەرچەندە باسی لەوەدەکرد، نابەرامبەری هێز هۆکاری شکشتەکەیەو هێزی پێشمەرگە نەیتوانیوە لەبەردەم هێزی حەشدی شەعبی‌و هاوکاریی دەوڵەتانی دراوسێدا خۆی بگرێت، هاوکات بەشێک لەسەرکردەی ئەو حزبە نەیانشاردەوە کە ڕێککەوتنێکی نوسراویان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان هەیە بۆ گێڕانەوەی کەرکوک بۆ ژێر کۆنترۆڵی هێزە فەرمیەکانی عێراق.

بەشێک لەسەرکردەکانی ئەوکاتی یەکێتی بەئاشکرا بوبونە عەرابی پرۆسەکەو بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی هەیە بۆ پاراستنی کەرکوک‌و کەرکوکیەکان لەهەر ئازاردان‌و داگیرکارییەک‌و لەدوای 16ى ئۆکتۆبەرەوە کەرکوک دەچێتە قۆناغێکی نوێوەو پارێزگارێکی نوێشی بۆ دادەنرێت، بەڵام وا پێنج ساڵ تێدەپەڕێت‌و نەک پارێزگاری کورد بۆ شارەکە دانەنراوە، بەڵکو بەشێکی زۆر لەفەرمانگەکانی شارەکە زمانی کوردیان قەدەغەکردوەو خوێندنی کوردیی لەپاشەکشەیەکی گەورەدایەو گوندو ناوچە کوردنشینەکان چۆڵدەکرێن‌و دەکرێنە ناوچەی عەرەبنشین، لەپاڵ هەموو ئەوانەشدا ڕۆژ ڕۆژ بەرپرسانی کورد لەپۆستەکانیان دوردەخرێنەوە.

ئەوکاتەی کە هێزە کوردیەکان شارەکەیان چۆڵکردو کەرکوکیەکان بێهیوابون لەبەرگری هێزەکان لەشارەکەو پاشەکشەی هێزەکان بەچاو دەبینرا، ئیدی نەیانتوانی لەبەردەم داگیرکاریی شارەکەیاندا بێدەنگبن‌و خودی کەرکوکیەکان چەکیانکردەشان‌و هێندەی توانیان‌و تا پاشنیوەڕۆ بەرگریان لەشارەکە کرد، بەڵام زۆری هێزی عێراق‌و حەشدی شەعبی هەموانی ناچارکرد کۆتایی بەبەرگری بهێنن‌و لێشاوی جێهێشتنی شارەکە دەستیپێکردو کۆڕەوێکی تر لەمێژوی کورددا تۆمارکرا کە کەموێنەبوو لەمێژوی شارەکەو ناوچەکەدا.

یەک ڕۆژ پێش 16ى ئۆکتۆبەر لەهاوینەهەواری دوکان پارتی‌و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوەو بەپێی زانیاریە دزەپێکراوەکان ئەوە بڵاوبوەوە کە گفتوگۆی توند لەکۆبونەوەکە کراوە بەجۆرێک چەندجارێک کۆبونەوەکە ڕاگیراوە تا دۆخەکە هێوربوەتەوە، لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا ئەگەرچی بەڕاگەیەنراوێکی هاوبەش کۆتاییان پێهێناو باسی دۆخی گشتییان کرد، بەڵام هەردولا هاوڕابون لەسەر گەڕانەوەی ناچاریی بۆ سنوری دەسەڵاتی پێشمەرگە لەپێش هاتنی داعشەوەو سەرەنجام هەرواشبوو، بەڵام لەپاش ڕوداوەکان‌و تائێستاش هەردولا یەکتر بەهۆکارو بەشێک لەڕێککەوتنەکان تاوانباردەکەن.

ماوەی پێنج ساڵی تەواوە کەرکوک‌و تەواوی ناوچە کوردیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێر نەشتەری داگیرکاریی‌و قەدەغەکردنی مۆرکی کوردبوندان‌و هێزە سیاسیەکانی کوردستانیش جگە لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن هیچ کاتێک لەبیری چارەنوسی شارەکەو دانیشتوانەکەیدا نین‌و بێباکن لەبەرامبەر داهاتوی شارەکەو دانیشتوانەکەیدا.