شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکرد، بەشێک لەو نەخۆشییانەی لەم سەردەمەدا بڵاون، لەوێنەی نەخۆشیی شەکرەو هەوکردنی جومگەو ڕەقبونی جومگەکان بۆ ئەو تاعونە ڕەشە دەگەڕێتەوە کە نزیکەی 700 ساڵ لەمەوبەر جیهانی گرتەوە.
توێژینەوەکە دەریخستوە، ئەو تاعونە ڕەشەی لەسەدەکانی ناوەڕاستدا ئەوروپای گرتەوە، بوە هۆی بەهێزکردنی بازدانە بۆماوەییەکان کە بەشداربون لەبەرەنگاربونەوەی نەخۆشییەکەو گواستنەوەی بۆ نەوەکانی دواتر.
ئەوەش هاتوە، "بەڵام مەرج نییە ئەم گۆڕانکاریانە لەدرێژخایەندا لەقازانجی ئێمەشدابوبن، هەرچەندە ئەوجیناتە پەیوەندیدارانە بەرگریی زیاتر لەبەرامبەر نەخۆشیی تاعون دروستدەکەن، بەڵام زانایان بۆیان دەرکەوتوە کە هەمان ئەم جینانەی ئەمڕۆ ڕەنگە پەیوەندییان هەبێت بەزیادبونی ئامادەیی بۆ نەخۆشییە بەرگرییە خۆکارەکان، وەک نەخۆشی کرۆنو نەخۆشیی شەکرەو هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزمی".
ئەو دۆزینەوەیە ئاشکرایکردوە، پەتاکان ڕەنگە کاریگەریی پێشبینی نەکراویان هەبێت، کە هەندێکجار لەسەر ئاستی دورمەدا زیانبەخش دەبنو بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازرێنەوە.
ئەوەی پێی دەوترێت "تاعونی ڕەش" بەهۆی بەکتریای "یێرسینیا"ەوە دروستدەبێت کە لەڕێگەی مێشولەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتهوهو دەبێتە هۆی دروستبونی نەخۆشییەک کە دەتوانێت لەکەمتر لەڕۆژێکدا بیکوژێت، تاعونەکە لەناوەڕاستی سەدەی سێزدەهەمدا گەیشتە لوتکەو بەیەکێک لەڕوداوە وێرانکەرەکانی مێژوی مرۆڤایەتیی دادەنرێتو دەیان تا سەدان ملیۆن کەسی لەسەرتاسەری ئەوروپاو ئاسیاو ئەفریقا کوشت.
و: ئاکۆ ئاڵی