گەر تەمەنت نەبووتە 35 ساڵ واز لە جگەرە بێنیت وەک ئەوە وایە نەتکێشابێت

تەندروستی

28/10/2022‌ 199 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی کە ئەنجامەکانی لە گۆڤاری پزیشکیی "JAMA Network Open"دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت ئەوانەی لەپێش تەمەنی 35 ساڵی واز لە جگەرەکێشان دەهێنن، دوای ماوەیەکی دیاریکراو تێکرای گیانلەدەستدانیان هاوشێوەی ئەو کەسانەیە کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە.

لێکۆڵینەوەکە ئەوەشی بۆدەرکەوتووە کە ئەوانەی لە قۆناغێکی درەنگتری تەمەنیاندا وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە، باشوونێکی بەرچاو لە تەندروستییاندا روویداوە، بەڵام تێکڕای گیان لەدەستدانیان لەوکەسانە زیاتر بووە کە لەپێش تەمەنی 35 ساڵی وازیان لەو خووە هێناوە.

بۆ نموونە ئەو کەسانەی لە تەمەنی نێوان 35 بۆ 44 ساڵیدا وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە، بە بەراورد بەو کەسانەی کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە، ڕێژەی مردنیان بە ڕێژەی 21% زیاترە.

هەروەک ئەوانەی لەنێوان تەمەنی45 بۆ 54 وازیان لە جگەرەکێشان هێناوە،ڕێژەی مردنیان بە ڕێژەی 47%  لەوانە زیاتر بووە کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە.

جێگای ئاماژەیە ئەوە سێیەم لێکۆڵینەوەی گەورەیە کە ئاماژە بەوە دەکات، تەمەنی 35 ساڵی نموونەییترین تەمەنە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی لەتەمەنێکی زووەوە دەستیان بە جگەرەکێشان کردووە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی