فەرماندەیەکی پێشمەرگە زانیارییه‌كى مه‌ترسیدار ئاشكراده‌كات

کوردستان

13/11/2022‌ 10295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فه‌رمانده‌یه‌كى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ زانیارییه‌كى گرنگ‌و مه‌ترسیدار له‌باره‌ى جموجوڵى چه‌كدارانى داعشه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، داعش خولێکی سەربازی 40 ڕۆژی بۆ چەکدارەکانی لەحەمرین کردۆتەوە.


به‌وته‌ى به‌رپرسانى سنورى گه‌رمه‌سێر، جموجۆڵە فراوانەکانی چەکدارانی داعش لەدوو ڕۆژی ڕابردودا، لەناوچەکانی ڕۆژئاوای قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین، وایکرد هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بەپاڵپشتی فڕۆکەی جەنگی عێراقی، ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو دژی چەکدارانی سەر بەو ڕێکخراوە ئەنجامبدات.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى ده‌نگى ئه‌مریكا، بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش بۆ گەڕانەوەی ئەو چەکدارانە دەگێڕنەوە لەناوچەی حەمرین، کە ماوەی 40 ڕۆژە لەخولی سەربازیدان‌و جارێکی تر بۆ ناوچەکانیان نێردراونەتەوە، ئەمەش وایکردوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق زیاتر چاودێریان بکەن.

محەمەد سامان بەڕێوەبەری ئاسایشی زنانەی نزیک قەزای خورماتوو له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە عێراقییەکان، پێنج چەکداری داعش کوژراون‌و تەرمەکانیان کەوتۆتە دەست هێزە عێراقییەکان.

لاى خۆیشیه‌وه‌ عەمید محەمەد چەوری فەرماندەی پێشمەرگە لەناوچەکانی نزیک قەزای خورماتوو ئاشكرایكردوه‌، تەرکیزی داعش لەسەر ڕفاندنی خەڵک‌و کۆکردنەوەی پارەیە، خەڵکی سڤیلی جوتیارو شوانکارە دەڕفێنن‌و لەبەرامبەر پارە ئازادیان دەکەن.

ئه‌وه‌شى وتوه‌، "ئامانجی سەرەکی داعش لەئێستادا، کۆکردنەوەی پارەو داهاتە بۆ چەکدارەکانی، چونکە داعش لەدۆخێکی دارایی خراپدایەو هەموو سەرچاوەکانی داهاتی لەدەستداوەو داعش ماوەی 40 ڕۆژە چەکدارەکانی بردۆتە ناوچەی حەمرین‌و مەشقی سەربازییان پێدەکات، تازە خولەکەیان تەواوکردوەو گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی پێشوتریان".

ش.هـ