جەنگی جیهانی فیکر

مەلەفی تایبەت

23/11/2022‌ 557 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەردار عەزیز

جەنگێکی جیهانی لە ئاستی فیکردا لە ئارادایە. ئەم جەنگە بە شێوازی جیاواز پریشکی گەشتوەتە دونیای ئێمە، بەڵام لە بەر نەبونی توانای بینینی وێنا گەورەکەی ئەم جەنگە، ئاگاییەکی قوڵ بەرامبەر ئەم جەنگە نیە و شەڕکەرەکان زۆرجار لە هەمان بەرە یان دژ بە بەرەی خۆیان دەجەنگن.

جەنگی جیهانی فیکر بەشێکە یان دەرئەنجامی دۆخی سیاسی و ئابوری دونیایە. لە نوسینە کورتەدا هەوڵ دەدەم، بەبێ لایەنگیریی بۆ هیچ بەرەیەک ڕاڤەیەکی ئەم جەنگە فیکرییە بکەم.

ئەگەر هەوڵبدەین بەرەکانی جەنگەکە پۆلین بکەین ئەوا دەڵێین جەنگێک لە ئارادایە لە نێوان ڕەق و شلدا. کارل مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا لە بڕگەیەکدا ئەو ململانێیە لەو سەردەمەدا دەردەبڕێت، بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا بەرەی جەنگەکە ئاڵۆزتر و فراوانترە. مەبەستمان لە ڕەق و شل یان نەگۆڕ و گۆڕاو چییە؟ بەرەیەک هەن کە دەتوانین بە فراوانی و بۆ ئاسانی تێگەیشتن ناویان بنێین چەپ، بڕوایان بە شلی یان گۆڕاوی هەموو شتێک هەیە.

لە بەرامبەردا بەرەیەک هەیە، کە دیسانەوە بە فراوانی دەتوانین ناویان بنێین ڕاست، بڕوایان وەهایە کە هەموو شتێک قابیلی گۆڕان نیە، بەڵکو زۆر خەسڵەت و بوار هەن کە پێویستە بپارێزرێن، بۆیە پێیان دەوترێت پارێزەر یان موحافیزەتکار. بەرەی چەپ یان گۆڕانخوازەکان، بڕوایان وەهایە کە هەرچی هەیە بونیادنراوە، لە لایەن مرۆڤەوە لە میانەی پەیوەندییەکی دەسەڵاتیدا، لە ساتەوەختێکی تایبەتدا، بۆ مەبەست و خزمەتی تایبەت، بۆیە نە نەگۆڕە و نە پیرۆز و نە هەمیشەیی، بەڵکو بە گۆڕانی جۆری دەسەڵات و پەیوەندی و ڕۆڵی ئەکتەرەکان، دەبێت ئەو نۆرمانەش بگۆڕدرێت.

فەیلەسوفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ لە هەموو ئەوانیتر زیاتر لە کرۆکی ئەم پرسەدایە، بۆیە چەپی فەرەنسی یان پۆستمۆدێرنە دەکرێت وەک ناوێکی تر بۆ ئەم بەرەیە بەکاربهێنرێت. بە کورتی ئەم بەرەیە دەڵێن هەموو شتێک دەستکردە، مرۆڤکردە، بۆیە قابیلی گۆڕانە.

بۆیە هەرکەسێک دژ بە ئەم پرۆسەی گۆڕانە گشتگیرەبێت ئەوا کەسێکی چەقیوە یان چەسپیوە و دەیەوێت بنەما و خەسڵەتە کۆنەکان بمێننەوە کە زۆرجار ئازادی و ماف و ڕۆڵ لە خەڵکانێکی زۆر حەرام دەکات. هەروەها پلەندییەک دروست دەکات لە ئاستە جیاوازەکاندا کە سپی باشترە لە ڕەش، پیاو باشترە لە ژن، ڕۆژئاوایی باشترە لە ئەوانیتر.

هەروەها ئایندارەکان کە بەگشتی لە بەرەی ڕاستن بروایان وەهایە کە ئاینەکەیان پیرۆزە و دەبێت بپارێزرێت. دیارە ئەم بەرەیە، هەموو پێکەوە تەبانین، بۆ نمونە، ئاینەکان دژ بە یەکن، بەڵام کاتێک شوێنکەوتوانیان بڕوایان وەهایە کە پیرۆزە ئەوا بەریەککەوتن لە نێوانیاندا دروست دەبێت. بڕوابونی چەپ بە نەبونی هیچ نەگۆڕاوێک و گۆڕانی هەموو چەسپیوێک و ئەگەری دروستکردنی هەموو بەها و بونیادێک، لەم ساڵانەی دواییدا ترس و فشارێکی گەورەی لای بەرەی ڕاست، بە تایبەتی ئاینداران دروستکردوە، بە تایبەتی پاش هاتنی ئەم هەڵوەشانەوەیە بۆ بواری جەستە و ڕەگەز.

گۆڕانی ڕەگەزی مرۆڤەکان، لە نێرەوە بۆ مێ، یان بە پێچەوانەوە، بۆ خۆی بەرجەستەبونی ئەو دیدەیە کە چەسپی و نەگۆڕ و پلەبەندی بونی نیە. ساڵانێکی زۆر بواری جەستە و شوناسی سێکسی لە دەرەوەی ئەم بوارەبوو، بەڵام ئەو بوارە ئێستا کەپکی حەمەد ئاغایە. ئەم جەنگە لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی تر، لە جوگرافیایەکەوە بۆ جوگرافیایەکی تر دەگۆڕێت. بۆ نمونە خەڵکی دیندار دەکرێت دژ بە نەتەوە و ئیتنیک بن یان بە قابیلی گۆڕانی دابنێن، کە تەبایان دەکاتەوە لە گەڵ چەپدا، بۆ نمونە لە عێراقجێتی و کوردایەتیدا دەیبینین، چۆن و چەپ و دینی پێکەوەن، بەڵام کە دێتە سەر ئاین، باوەڕدار بڕوای وەهایە کە ئەوە چەسپیوە، بەڵام چەپ بڕوای وەهایە ئەوە گۆڕاوە، لێرەدا لە یەکتر جودا دەبنەوە. نمونەیەکی تر بۆ خەستکردنەوە زیاتری قوڕەکە.

لە ڕۆژئاوا چەپ و موسوڵمانێک لە یەکتر نزیکن، چونکە ڕاستڕەوی ئایندار دژیانە. بەڵام لای چەپ ئاین شوناسێکە کە کەسەکان مافیان هەیە هەیانبێت ئەگەر دەخوازن، بۆیە دەبینیت خەڵک هەن لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا وانەی جێندەر و ئیسلامۆفۆبیا دەڵێنەوە، ئەم دوانە لە دونیای ئیسلامیدا دژ بە یەکن، بەڵام لە ئەوروپا تەبان. دیارە تەباییان تەکتیکییە و هەریەک لە ناخی خۆیدا نەیارێتییەکی بەرامبەر بە ئەوی تر پەنهانداوە، بەڵام لە ئێستادا جەنگێکی دواخراوە. ئەمە لە کاتێکدا ڕاستڕەوی ڕۆژئاوایی لە زۆر ڕوەوە تەبایە لە گەڵ ڕاستڕەوی دونیای ئێمەدا بەڵام لە ئەوروپا دژ بە یەکن، چونکە ڕاستڕوەی ئەوروپی بڕوای وەهایە کە ئەوانیتر دەبێت دەستبەرداری بەهاکانیان ببن ببنە خاوەن بەهاکانی ئەوان. بەڵام کاتێک موسوڵمانان دەستبەرداری بەهاکانیان نابن، ئەوا ڕاستڕەوە وەهاین دەبینێت کە دەیانەوێت جێگەیان بگرنەوە.

ئەم دیدە کرۆکی ڕاستڕەوی نوێی ڕۆژئاواییە. ئەم جەنگە چەندین دەرکەوتەی جیاواز جیاوازی هەیە کە تەنها لە بواری فیکردا نەماوەتەوە. یەکەم دەرکەوتەی دەکرێت بوترێت جیوپۆلەتیکیە. لێرەدا بۆ ئاسانکاری باس لە بیرمەندێکی وەک ئەلکسەندەر دوگین دەکەم، کە هەڵگری پەیامی ترادیشیونی نوێ، یان جیوپۆلەتیکی تیولۆجی یان چەندین چەمکی ترە.

دوگین وەها دەبینێت کە چەمکە زاڵەکانی ناو دونیای ڕۆژئاوا، چەپن، لە لایەن سیستەمە ڕۆژئاواییەکانەوە بەکاردەهێنرێن بۆ هەڵوەشانەوەی دەرەوەی ڕۆژئاوا، نەک لە ئاستی دەوڵەت و نەتەوە بەڵکو لە ئاستی خێزان و تاکیش. بە دیدی ئەو دەرئەنجامی ئەم هەڵوەشانەوەیە زاڵبونی ڕۆژئاوایە. بۆیە ئەم بەها فیکر و کەلتوری و شوناسییانە لە میانەی ئەم ململانێیەدا دەبنە یەکەی جیوپۆلەتیکی.

بۆ نمونە کەم کاس چاوەڕێی ئەوەیا دەکرد ڕۆژێک گۆڕانی ڕەگەز ببێتە پرسێکی جیوپۆلەتیکی، بەڵام لەم چوارچێوەیەدا، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە نەمانی چەسپیویی و نەگۆریی گەشتوەتە ئەوپەڕی.

چین بە شێوازی جیاواز بەشدارە لەم جەنگە فیکرییەدا. ئێمە لە دەرەوەی ئەم جەنگە نین. بەڵام لە هەناویشیدا نین. لە دەرەوەی نین چونکە لە کاریگەرییەکانی بەدەرنین. بەڵام لە هەناویدانین چونکە کاریگەرییمان لە سەر ئاراستە و تێگەیشتن و دەوڵەمەندکردنی نیە. لە هەمانکاتدا ئێمە بە خواستی خۆمان نیە، دەکەوینە ژێر کاریگەری ئەم جەنگەوە، بەڵام زۆرجار بەبێ بونی تێگەیشتنێکی گشتی دەربارەی ئەکتەر و ئامراز و ئامانجەکانی ئەم جەنگە.

خەڵک لە دونیای ئێمەدا بە ئاگایی و شوناسی جیاوازەوە دەچێتە نێو ئەم جەنگەوە، بەڵام زۆرجار پاڵنەرەکان لۆکاڵین. چەند پرسیارێکی سادە لێرەدا هەیە، کە دەبێت ئێمە لە خۆمانی بکەین: ئێمە کە ناتوانین خۆمان بپارێزین لەم جەنگە، ئایا دەتوانین لێی سودمەندبین؟ سودمەندبون پرسێکی سەختە، چونکە لە ڕاستیدا ئێمە کێین و وەک کێ دەمانەوێت سودمەندبین؟ ئایا ئەو بەرەیەی کە دەیەوێت بەها و بونیاد و خەسڵەتەکان بهێڵێتەوە، توانای پاراستنی هەیە یان لە ژێر فشاری زۆری جەنگەکەدا ناچار بە تەسلیم بوون دەکرێت؟ یان هەر لە بنەڕەتەوە لە گۆڕەپانی شەڕێکدایە کە نازانێت بەرەکان کێن و ئامانجەکان چین؟ ئەگەر وەک کورد خۆت ببینیت دۆخت سەختە، چونکە نە ترادیشیون لە قازانجتە نە پۆسیمۆدرێن. هیچ کامیان ئامادەنین دان بە شوناستدا بنێن.

هەردووکیان دەیانەوێت تۆ ببیت بە کەسێکی تر، خاوەن شوناسێکی تر. ئەمە بۆ هەموو شوناسەکانی تریش ڕاستە. ئەم جەنگە فیکرییە تەنها لە نێو ڕۆژئاو و دەرەوەیدا نیە، بەڵکو لە هەناو ڕۆژئاوادا زۆر بە چری بەڕێوە دەچێت. بەرەکانی ئەم شەڕە لە ئەمریکا زیاتر بە زەقی دەردەکەون.

لە ڕەهەندی ئابوریدا ئەم جەنگە لە نێوان هەبونی ڕۆڵی حکومەت و نەبونی ڕۆڵی حکومەتدا خۆی دەبینێتەوە. ڕێگن ئەمریکاییەکانی قایلکرد کە حکومەت خراپە، بە پشت بەستن بە فیکریی هایەک و فریدمان. ئێستا هەژارییەکی زۆر لە ئەمریکا بونی هەیە، پەرچەکرداری بەرهەمهێناوە. هەفتەی داهاتوو بە ووردی باسی میشێل فۆکۆ دەکەم بۆچی بیرمەندی سەرەکی ئەم بەرەیەیە.

بەپەلە