عێراق باشترین برنجی تایلەندی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکات

عیراق

24/11/2022‌ 1301 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە کەشتییەک بە بارێکی 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندیی گەیشتۆتە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق کە لەڕێگای بەرنامەی سەبەتەی خۆراکییەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت، باسی لەوەشکردووە کە برنجەکە لە باشترین جۆر برنجی تایلەندییە.

لەبەیاننامەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا هاتووە: کەشتییەک بەبارێکی 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندی گەیشتۆتە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق کە وابڕیارە لەچوارچێوەی بەرنامەی سەبەتەی خۆراکییدا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە کە تیمی چاودێریی بازرگانیی دەستیانکردووە بە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی سەرەتایی بۆئەوەی لە کوالێتی برنجەکە دڵنیا ببنەوە بەر لەوەی بگاتە بەندەرەکانی عێراق.
ئەوەش هاتووە: نموونەی برنجەکان دەنێردرێن بۆ تاقیگەی ناوەندیی کۆنترۆڵی جۆریی لەبەغدا بۆئەوەی سەرجەم پشکنینە پێویستەکانی بۆ ئەنجام بدرێت و ئەوە پشتراست بکرێتەوە کە بۆ خواردنی هاوڵاتیان شیاوە بەرلەوەی رادەستی بریکارەکانی خۆراک بکرێت.
لەبەیاننامەکە هەروەک دەڵێت: جۆری ئەو برنجەی لە تایلەندەوە هاوردەکراوە و گرێبەستی بۆکراوە لە جۆری برنجی سپیی دەنک درێژە کە بەیەکێک لە برنجە هەرە باشەکانی جیهان هەژمار دەکرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی