عێراق بەبەهای 300 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەکەرکووک جێبەجێ دەکات

کوردستان

24/11/2022‌ 296 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارێزگاری کەرکووک رایگەیاندووە کە لەچوارچێوەی یاسای پاڵپشتیی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراک و لەدوای دەربڕینی ڕەزامەندیی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بەبەهای 300 ملیار دینار دەستیان بە جێبەجێکردنی 250 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە پارێزگاکەیاندا کردووە.

راکان سەعید جبووریی پارێزگاری کەرکووک لەلێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاندووە: لە رۆژی سێشەممەوە بەبەهای زیاتر لە 300 ملیار دینار و لەچوارچێوەی پڕۆژەکانی ناو یاسای پاڵپشتی فریاگوزاریی، دەستیان بە جێبەجێکردنی 250 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەسەرانسەری پارێزگاکە کردووە.
بەوتەی جبووریی، پلانەکە بریتییە لە دامەزراندنی سێ نەخۆشخانە لەو قەزا و ناحیانەی کە دامەزراوەی تەندروستییان تێدا نییە، هەروەها پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و پڕۆژەکانی ڕێگاوبان کە کەرکووک بەپارێزگای سەڵاحەددینەوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ دووەم (سایدی) ڕێگای کەرکوک- ڕیاز تادەگاتە ناوچەی فەتحە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە "پلانەکە نۆژەنکردنەوەی دارستانەکان و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاڵپشتیکردنی کەرتی کارەبا و تەرخانکردنی سێ ملیار بۆ دانانی وزەی پاک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لەخۆدەگرێت".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە