وەڵامێک لەمولازم عومەرەوە بۆ کەمال کەرکوکی

توێژینەوە و شیکاریی

09/08/2023‌ 7519 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەم ڕۆژانەدا چاوپێکەوتنێکی (کاک کەمال کەرکوکی)م بینی، کە زامی (کارەساتی هەکاری) کولاندەوە، هەر لەزووەوە چەندین هاوڕێی نزیکم داوایان لێکردووم لەسەر کارەساتی هەکاری بنوسم، هەمیشە وتوومە ئەوەی ڕەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) لەسەری نوسیوە، زۆر تێروتەسەلەو پێویستی بەقسەی زیاتری من نیە.

هەرچەندە لەساڵی 2001وه‌ دەستم لەکاری سیاسی‌و حزبی کێشاوەتەوەو دوورم لەململانێکانەوە، هەروەها دۆخی سیاسی هەرێم و بژێوی هاوڵاتیان بەجۆرێک نالەبارو ئاڵۆزە، کە ناکرێت هاوڵاتیان بەهەڵدانەوەی کارەساتێکی کۆن زیاتر ناڕەحەت بکرێن.

بەڵام (کاک کەمال کەرکوکی) ناچاری کردم وەڵامبدەمەوە، بەتایبەت کە (شەهید عەلی عەسکەری‌و شەهید دکتۆر خالیدو شەهید حسێن بابە شێخ)، هەروەها ڕەوانشاد (مام جەلال‌و کاک نەوشیروان) لەژیاندا نەماون، هەتا بەرگری لەخۆیان بکەن، بۆیە من بەئەرکی ئەخلاقی‌و سیاسی دەزانم کە ڕاستی ڕوداوەکان بەکورتی بگێڕمەوە.

یەکەم، ئەو هێزەی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) کە بەڕێکەوت، بەندەشی تیابوو؛ ئەوکات ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی‌و ئەندامی مەکتەبی عەسکەری بووم‌و (شەهید عەلی عەسکەری) لێپرسراوی هێزی پێشمەرگەو مەکتەبی عەسکەری بوو. بەهیچ جۆرێک ئەوە ڕاست نیە کە ئەو هێزە بەڕێکەوتبێت بۆ لێدان‌و لەناوبردنی (قیادەی مۆقەتە). هێزێک بۆ شەڕ بچێت، 200 پێشمەرگەی بێ چەک نابات لەگەڵ خۆی. هێزەکەمان نزیکەی 800 پێشمەرگە بوو، 200ی بێ چەک بوون.

ئامانجی سەرەکیمان ئەوەبوو کە بچینە بادینان‌و لەوێوە بۆ سەر سنوری سوریا بۆ وەرگرتنی چەک، کە بەشێکی لیبیا پێی دابووین و بەشێکی مقاوەمەی فەڵەستینی، بەتایبەتی جەبهەی شەعبی و جۆرج حەبەش. ئامانجی دووهەممان ئەوە بوو کە لەگەڵ (شێخ حسێن بابە شێخ) ماوەیەک لە بادینان بمێنینەوە، هەتا هێزەکەی تەواو جێگیر دەبێ و بنکە و بارەگا دائەنێن.

دووەم، ساڵی 1975دوای ڕێکەوتننامەی جەزائیر لەنێوان عێراق و ئێران، بەسەرپەرشتی (محه‌مه‌د ڕەزا شای ئێران‌و سەدام حسێن)و نسکۆی شۆڕشی ئەیلول کە خۆم پێشمەرگە بووم تێیدا، برادەرانی پارتی چوونە کەرەج، نزیک لەتارانی پایتەختی ئێران. تاڕادەیەک برادەرانی پارتی پەیوەندیان لەگەڵ ئێران‌و عێراق و تورکیادا ئاسایی بوو.

ساڵی 1978 کە کارەساتی هەکاری ڕویدا، بەشێک لەبرادەرانی پارتی لەکەرەج بوون‌و بەشێکیان بەناوی قیادەی مۆقەتەوە لەشاخ بوون. هێشتا شای ئێران‌و سەدام لەحوکمدا بوون‌و لەسایەی ڕێکەوتننامەی جەزائیرەوە پەیوەندیان لەگەڵ پارتیدا باش بوو.

کاک (کەمال کەرکوکی) باسی نزیکی (شەهید عەلی عەسکەری‌و یەکێتی) دەکات لەحکومەتی عێراقەوە، بەبێ پیشاندانی هیچ بەڵگەیەک. چۆن دەکرێت هێزێک لەیەککاتدا نزیکبوبێت لەعێراق‌و لەسوریاشەوە، لەکاتێکدا سەدام حسێن‌و حافز ئەسەد دوژمنی سەرسەختی یەکتربون.

لەو کاتەدا ئێمە تەنها لەگەڵ سوریاو لیبیا و هەندێک لە فەڵەستینیەکاندا نێوانمان باش بوو. بۆیە لە عێراق و ئێران و تورکیاش پەلاماردراین. چەند ساڵێک بەر لەوە (خاڵە شەهاب و شەهید جەعفەر و شەهید ئەنۆر زۆراب) لە ئێران گیران و تەسلیمی عێراق کرانەوە و لە سێدارە دران.

لەکارەساتی هەکاریدا، ئێران و عێراق وەکو دەوڵەت لێیانداین، لەتورکیاش کۆمەڵێک هۆزی نزیک لەپارتیەوە لێیانداین. دواجار قیادەی مۆقەتە پەلاماریانداین‌و بەئەسیری (کاک عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و کاک حسێن بابە شێخ)یان شەهید کرد.

سێهەم، شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) قاڵبووی شۆڕش و پێشمەرگایەتی و نمونەی سەرکردەی بوێر و چاونەترس و ئازابوون. من لەڕوی هەڵسوکەوت و ئەرکی لێپرسراوێتی لەناو هێزی پێشمەرگە، خۆم بە قوتابی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید) دەزانم و زۆر شتی باشیان لێوە فێربووم.

ئەو کاتانەش کە ڕەوان شاد (مام جلال و کاک نەوشیروان) گەڕانەوە بۆ وڵات، لەهەردووکیان زۆر نزیکبووم و بە درێژایی 25 ساڵ لەگەڵ مام جه‌لال لەنزیکەوە کارمکردوە؛ دوای وازهێنانیشم لەکاری حیزبی، هەر پەیوەندیمان بەهێز بووە. هیچکات هەستم نەکردووە کە ئینسانێکی داخ لەدڵ بێت، بەڵکو نمونەی سەرکردەی جوامێرو لێبوردەبووە.

هەمیشە هەستم دەکرد پەیوەندی ڕۆحی لەنێوان مام جلال و شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدا) هەیە، چونکە لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولەوە پێکەوە کاریان کردووە. هەر (مام جلال)یش پێشنیاری کرد کە شەهید (عەلی عەسکەری) ببێتە فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی.

شەهید (شێخ حسین بابە شێخ)یش لە سوریاوە لەگەڵ مام جلال گەڕایەوە و پەیوەندیەکی قوڵ و برایانە لە نێوانیاندا هەبوو. کەس لە ئێمە هەستی نەکردوە ناکۆکیەک یان ساردوسڕیەک لە نێوان (مام جەلال) و شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ)دا هەبێت.

ئەوەندەی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ)م ناسیبێ، پیاوی ئەوە نەبوون لە پێناوی ڕزگار کردنی گیانی خۆیان پاکانەیان بۆ هیچ کەس و لایەنێک کردبێت.

شێواندنی مێژووی یەکتر سود بە هیچ لایەک ناگەیەنێت. نەدەبوو کاک کمال قەتماغەی ئەو برینە هەڵبداتەوە؛ وەکو هەڵشیدایەوە دەبوو بەڵگە و دەستخەتی شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) ی پیشان بدایە، نەک بە بێ بەڵگە قسە بخاتە پاڵیان. نەمری بۆ شەهیدان (عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید و شێخ حسین بابە شێخ) و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.