پژمەگرتن بۆ تەندروستی مەترسیدارە

تەندروستی

13/09/2023‌ 804 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

زۆرکەس کاتێک لەشوێنێکی قەرەباڵغن یان لەسەر کارن، بۆئەوەی تووشی رووگیریی نەبن یان کەسانی تر تووشی پەتا و نەخۆشییە وەرزییەکان نەکەن، هەوڵ دەدەن ڕێگریی لە پژمینەکەیان بکەن، بەڵام پزیشکان هۆشدارییانداوە لە ئاکامە مەترسیدارەکانی ڕێگرییکردن لە پژمین.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، مایکل دییج پسپۆڕی نەخۆشییەکانی قوڕگ و لووت و گوێ لە ئەڵمانیا دەڵێت: ئەگەر هەوڵی ڕێگرییکردن لە پژمینەکەت بدەیت، ئەوە ڕەنگە ببێتە هۆی خراپبوونی هەندێک لە شانە ناسکەکانی ناو لووتت، یان دڕانی گوێچکەت.

هەروەک دەڵێت: لەکاتی پژمەدا هەوا زۆر بەخێرایی لە کەناڵی لووتەوە دێتە دەرەوە، هەربۆیە ئەگەر بۆ کپکردنی پژمە لووت بگیرێت، ئەوا هەوا بەدوای دەرچەیەکی تردا دەگەڕێت، بۆ نموونە لەڕێگەی گوێوە، و لەم حاڵەتەدا ڕەنگە فشارەکە ببێتە هۆی دڕانی پەردەی گوێ.

بەوتەی ئەو پزیشکە، گرتنی پژمە رەنگە ببێتە هۆی بڵابوونەوەی میکرۆبەکان لە گیرفانەکانی لووت و گوێی ناوەراست، دواجاریش ببێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردنێکی ئازاربەخش، جگە لەوەی رەنگە خوێنبەربوونی لووت یان سپێنەی چاوی لێبکەوێتەوە.

ئەو پزیشکە ئەڵمانییە لەبەر ڕۆشنایی ئەو لێکەوتە مەترسیدارانە ڕێنمایی دەدات ڕێگریی لە پژمەکردن نەکرێت، بەڵکو لەجیاتی ئەوە کلێنس یان ئانیشک بەکاربهێنرێت بۆئەوەی میکرۆبەکان بەهەوادا بڵاونەبنەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی