ئەم 6 نیشانەیە ئاماژەیە بۆ کەمی ئەم ڤیتامینە لەجەستەدا

تەندروستی

14/09/2023‌ 716 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا زۆرێک لەوکەسانەی کەمی ڤیتامین Dیان هەیە هیچ نیشانەیەکیان لەسەر دەرناکەوێت، بەڵام کۆمەڵێک نیشانە هەن کە دەتوانن ئاماژەبن بۆ کەمی ئاستی ئەم ڤیتامینە گرنگە لەجەستەدا.


ڤیتامین D (یان بەڤیتامینی تیشکی خۆریش ناودەبرێت) یەکێکە لەو ڕەگەزە خۆراکیانەی کە جەستە پێویستی پێیەتی بۆ دروستکردن‌و هێشتنەوەی ئێسکەکان بەتەندروستیی، بۆیە کەمییەکەی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستیی گشتیی جەستەی تاکەکان دەبێت.

کلێر بارنز پسپۆڕی بواری خۆراکیی لەکۆمپانیای بایۆ-کوڵت، کۆمەڵێک نیشانەی ئاشکراکردوە کە دەکرێت وەک کەمی ڤیتامینی "تیشکی خۆر" هەژمار بکرێت، لەوانە:

1ـ هەستکردن بەماندوێتیی:
لێکۆڵینەوە نوێکان دەڵێن هەستکردن بەماندوێتیی کەمبونەوەی وزە یەکێکە لەنیشانەکانی کەمی ڤیتامین  دى.

کلێر وتویەتی، "پێداچونەوەیەکی ئەمدواییەی توێژینەوەکان ئەوە پیشاندەدات کە خواردنی تەواوکەری ڤیتامین D ڕەنگە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ماندوێتیی لەوکەسانەی کە توشی نەخۆشیی ئیسکەلەرۆسیس بون (حاڵەتێکی بەرگریی خۆکارە کە دەبێتە هۆی کۆمەڵێک نیشانە، کە ماندوێتی باوترینیانە).

2ـ تێکچونی مەزاج‌و دۆخی دەرونیی:
کلێر باسی لەوەکردوە، زیادبونی وەرگرەکانی ڤیتامین دی کە لەچەند ناوچەیەکی مێشکدایە، پەیوەستە بەڕێکخستنی دۆخی مەزاجەوە، بەشێوەیەک ئەوانەی توشی خەمۆکیی دەبن، ئاستی ڤیتامین Dیان کەمترە.

3ـ خراپی تەندروستیی دەم‌و ددان:
لەکاتێکدا زۆرێک ئاگاداری گرنگیی کالیسیۆمن بۆ ددانی تەندروست، بەڵام کەم کەس درک بەوە دەکەن کە ئاستی گونجاوی ڤیتامین D پێویستە بۆ مژینی کالیسیۆم، هەربۆیە ئەم ڤیتامینە گرنگییەکی گەورەی هەیە لەکانزابونی ئێسک‌و ددانەکان.

4ـ ئازاری ئێسک‌و ماسولکەکان:
ڤیتامین دی بەڕۆڵی لەتەندروستیی ماسولکەو ئێسکدا ناسراوەو بەوتەی کلێر، کەمی ئاستی ڤیتامین دی "دەبێتە هۆی کەمبونەوەی مژینی کالیسیۆم، ئەمەش لەبەرامبەردا دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی پاراتایرۆید، کە دەبێتە هۆی دوبارە هەڵمژینی ئێسک‌و دواجار ئێسک لەدەستدان یان فشەڵبونی".

5ـ بەردەوام هەستکردن بەنەخۆشیی:
کلێر دەڵێت، "لەڕاستییدا بەڵگەی زانستیی بەرچاو هەیە کە ڤیتامین D کاریگەریی جۆراوجۆری هەیە لەسەر کارکردنی سیستەمی بەرگریی جەستە، بەپێچەوانەوە کەمیی ڤیتامین D لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچونی ڕێکخستنی بەرگریی جەستەو دەشتوانێت ببێتە هۆی سەرکوتکردنی بەرگریی یان زیادبونی کاردانەوەی نەگونجاوی سیستەمی بەرگریی جەستە".

6ـ دروستکردنی گرفت بۆ کۆئەندامی هەرس:
یەکێک لەڕۆڵەکانی ڤیتامین D کە ڕەنگە خەڵک ئاگاداری نەبن گرنگییەکەیەتی بۆ تەندروستیی ڕیخۆڵە، بەگوێرەی کلێر: توێژینەوەکان دەریانخستوە کە دۆخی گونجاوی ڤیتامین D ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەپاراستنی هێمۆستاسیس لەناو ڕیخۆڵەدا لەڕێگەی زۆرێک لەچالاکییە ڕێکخەرییەکانەوە، لەوانەش گۆڕینی مایکرۆبایۆتای ڕیخۆڵە، هەروەک سەپڵیمێنتەکانی ڤیتامین D دەریخستوە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی بەکتریا زیانبەخشەکان‌و زیادبونی بەکتریای دۆستی کۆئەندامی هەرسی سەرەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی