بلینكن نامه‌یه‌كى بایدن ده‌گه‌یه‌نێت به‌سودانى

عیراق

19/09/2023‌ 1294 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئاشكرایكردوه‌، سودانى بانگهێشتى فەرمیی لەلایەن سەرۆکى ئەمریکاوە پێگەیشتوە بۆ ئه‌وه‌ى سەردانى واشنتۆن بکات.


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا نوسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڵاویکردۆته‌وه‌، لەمیانى بەشداریکردنى لەکۆبونەوەکانى کۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان‌و دواى دیدارى لەگەڵ ئەنتۆنى بلینکن وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا، محەمەد شیاع سودانى بانگهێشتى فەرمیی لەلایەن بایدنەوە پێگەیشتوە تا سەردانى واشنتۆن بکات‌و لەگەڵ سەرۆکى ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

بلینکن وتویه‌تى، ئەم بانگهێشتەى سودانى بۆ واشنتۆن بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکاو عێراقە.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "محەمەد شیاع سودانى ویستى خۆى بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا لەبوارەکانى وەبەرهێنانى وزەو ڕێگەدان بەکۆمپانیا وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان بۆ کارکردن لەعێراق‌و پرسەکانى پەیوەست بەگۆڕانى کەشوهەوا دەربڕیوە".

دوێنێ دوشەممە محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەمەبەستى بەشداریکردن لەکۆبونەوەکانى کۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەکگرتوەکان گەیشتە شارى نیویۆرکى ئەمریکاو بڕیاریشە 22ى ئەم مانگە وتارى عێراق پێشکەشبکات.