زانیاری نوێ لەبارەی هەوڵەكانی سودانی لە ئەمریكا بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار ئاشكرادەبێت

عیراق

20/09/2023‌ 3480 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

جاسم موسەوی پەڕلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نووری مالیکی جگە لە ئاشکراکردنی هۆکاری راستەقینەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازارەکاندا، لەهەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکرد کە محەمەد شیاع سودانی لەسەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا لەسەر ئەو بابەتە دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ بکات.

موسەوی لەلێدوانێکدا بەپێگەی "ئیرس نیوز"ی راگەیاندووە: هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و ناسەقامگیرییەکەی پەیوەندیی بە یاریکردن بە نرخەکان لەناوخۆدا هەیە، جگە لەوەی کەموکوڕییەکیش هەیە و حکومەت کار لەسەر چاککردنی دەکات ئەویش کەڵەکەبوونی پەیرەونەکردنی سیستەمێکی درووست و پێشکەوتووی بانکیی بووە کە سەقامگیریی بۆ نرخی دراو دەستەبەر بکات.

جەختیشی کردۆتەوە کە حکومەت چەندین ڕێکار و چارەسەری گرتۆتە بەر و لەسەر ئەو چارەسەرانەش بەردەوام دەبێت.

هەروەک دەڵێت: لایەنێکی تری کێشەکە پەیوەستە بە لەیەکتێگەیشتنەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەوپێیەی هاوبەشی دراوی دۆلارە لەگەڵ بانکی فیدراڵیی، هەربۆیە پێویستە ڕێپێدان لەلایەن ئەمریکییەکانەوە هەبێت کە ڕەچاوی ئەو قۆناغەی ئێستای عێراق بکات، ئەمەش وایکردووە محەمەد شیاع سودانی لەمیانی گەشتەکەی بۆ ئەمریکا بۆ بەشدارییکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەندین دیداری لاوەکییش لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ساز بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی