مووچەی بەشێکی خانەنشینانی عێراق زیاد دەکرێت

عیراق

22/09/2023‌ 1183 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکردووە، مەزەندە دەکرێت بڕی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینە پلە کەمەکان زیاد بکرێت.

ئەحمەد مەزهەر جبووری لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاندووە: لیژنەکەیان میوانداریی ماهیر رەشید بەیاتی سەرۆکی دەستەی خانەنشینی کردووە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی کاری دەستەکەیان.

جبووری هەروەک باسی لەوەکردووە کە چاوەڕوان دەکرێت مووچەی پلەکانی خوارەوەی خانەنشینان بە بڕی 100 هەزار دینار لەڕێگای لیژنەیەکی حکوومییەوە زیاد بکرێت کە بەپێی کارنامەی حکومەتەکەی سودانی پێکهێنراوە.

لەمیانی میوانداریکردنەکەدا سەرۆکی دەستەی گشتیی خانەنشینی عێراق سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رایگەیاندووە کە لیژنەیەکی پەیوەست بە پەرەپێدانی ڕێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێکهێنراوە، هەروەک جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەموارکردنەوەی گونجاو، و ڕێکخستنی میکانیزمی کارکردن بە دەرکردنی ڕێنمایی تایبەت، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوانیاسادانان و یاسای خانەنشینی یەکگرتوو کردۆتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی