بە تەمای خوای!

مەلەفی تایبەت

03/11/2023‌ 810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 ئیبراهیم سدیق

لەکۆتاییدا، دوای وتارەکەی ئەمڕۆی رێبەری گروپە توندڕەوە تۆقێنەرەکەی حیزبی لات، (نەسروڵا)، شەڕەکەی حەماس کرایە (بەتەمای خوای). لەکاتێکدا کەس نازانێت داخۆ کردگار ئەو جۆرە شەڕانە بەتەمای خۆی دەکات، یا بۆخۆی لەگەل ئەو لایەنەدا دەبێت کە لوولەی تۆپەکەی درێژترە لەلایەنەکەی دیکە. لەوە بێئاگان کە کردگار، قانونی سروشتیی داناون بۆ چۆنییەتی ململانێ و مەرجەکانی سەرکەوتن. لەوە بێئاگان کە تەوزیفکردن و تێوەگلاندنی خودا لە شەڕ و ململانێدا، بێجگە لەگەمژەیی شتێکی دیکە نیە. گەندەڵی و شکستە ئیدارییەکانی بزووتنەوەی فەتح، حەماسی بردە سەر تەختی دەستەڵاتی فەلەستینی، بەڵام ئەژەندای توندڕۆی حەماس، بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ غروری سەرکردەکانی حەماس و دابەشکردنی ناوچەکانی ژێر قەڵەمڕەوی دەستەڵاتی فەلەستینی. لە ئەنجامدا، حەماس دەستی بەسەر غەززەدا گرت، لەو کاتەوە غەززەی لە باریکەی رۆژئاوا جیاکردەوە، دوای ئەوەی ناکۆکییەکەیان بەدەیان قوربانی لێکەوتنەوە. وێڕای قوربانییەکانیش، حەماس نوێنەرایەتی فەلەستینییەکانی دابەش کرد و چارەنوسی فەلەستینییەکانی خستە بەر لێشاوی دووبەرەکی و "ئەژەندای دەرەکی" و نەبوونی ستراتیژییەتێک بۆ ئایندەی فەلەستینییەکان، تا ئەو ئاستەی کە حەماس خەڵکی غەززەی کردە قوربانیی ئایدیۆلۆژیا و نارسسیزمی خۆبەحەق دانان بەشێوەیەکی رەها و وەهمی پشتیوانیی کردگار بۆ سەرەڕۆییەکانی خۆی. هەمووان بە خودی حەماس خۆشییەوە (وەک ئەوەی لە وتارە پڕ لە غرورەکەی مەشعەلدا دەردەکەوێت)، چاوەڕوان بوون ئێران و تورکیا و کلکەکانییان لە لوبنان، سوریا و یەمەن و عێراق، (کە هەموویان گروپی نادەوڵەتی تاکڕەو و گەندەڵ و تۆقێنەرن)، چاوەڕوان بوون لە شەو و رۆژێکدا ئیسرائیل توڕدەنە ناو دەریا. بەڵام نەبوونی روانگەی سیاسی و تێنەگەیەشتن لە هاوسەنگیی هێز و وەهمی ئایدیۆلۆژیا بە وەهمی پشتیوانیی خوداشەوە، کە نازانن کردگار لەپشت کێوەیە، لەکۆتایی تۆنێڵەکەدا دەردەکەوێت، زوو یا هەندێک درەنگ هەموومان دەیبینین. بەڵێ، هەموومان دەیبینین کە بەهەزاران هاوڵاتی مەدەنی فەلەستینی، کرانە قوربانی سەرەرۆیی و نارسسیزمی ئایدیۆلۆژی گروپێکی توندڕەوی ئۆتۆریتێر. بۆ بەرچاوڕوونی ئەوانەی بەو کورتە نوسینەی من قەڵس دەبن، من تاسەر ئێسقان سەربەخۆخوازم، بەڵام بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بەتەنها بە لولەی تفەنگێکی ژەنگدار بەدەست نایەت. سەرکەوتن پێویستی بە هێزی عەقڵە، نەک بە عەقڵی هێز و دۆگمای ئایدیۆلۆژیا.