سعوودییە.. دۆزینەوەی تەورێکی تەمەن 200 هەزار ساڵە

هەمەڕەنگ

08/11/2023‌ 938 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
زانا شوێنەوارناسەکان لەپارێزگای عەلا لەباکووری رۆژئاوای شانشینی سعودیە تەورێکی کۆنیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆن، واتە زیاتر لە 200 هەزار ساڵ لەمەوبەر.

بەگوێرەی رۆژنامەی "عوکاز"ی سعوودیی، دەستەی شاهانەیی لە پارێزگای عەلا بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا  وردەکارییەکانی دۆزینەوەکەی ڕوونکردۆتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە تەورەکە لە بازاڵت دروستکراوە و درێژییەکەی 51.3 سم بووە و لە هەردوو لا کون کراوە بۆ بەرهەمهێنانی ئامێرێک کە لێوارەکانی بەهێزە، بۆ ئەوەی بتوانێت ببڕێت.

دەستەکە باسی لەوەکردووە، زاناکان هێشتا لێکۆڵینەوە لەسەر تەورە دۆزراوەکە دەکەن بۆئەوەی بزانن بۆچی مەبەستێک بەکارهاتووە، ڕوونیشیان کردۆتەوە کە تەورەکە یەکێکە لە 12 ئامرازی دۆزراوەی بەردینی هاوشێوە کە سەرجەمیان بۆ هەمان ماوەی مێژوویی دەگەڕێنەوە.

دەستەکە پێشبینی کردووە زانا شوێنەوارناسەکان لەڕێگای لێکۆڵینەوەکانیان زانیاریی زیاتر لەبارەی تەورەکەوە بەدەست بهێنن، بەتایبەت لەبارەی بەکارهێنانی و ئەو شتانەی پێی درووستکراون.