واده‌ى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

21/11/2023‌ 3061 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حكومه‌تى هەرێم واده‌ى ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم ئاشكراده‌كات‌و ڕایدەگەیەنێت، "پێشبینیدەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوەو بۆ ئەم مەبەستە کۆتایی ئەم مانگە وه‌فدێكى حکومەت دەچێتەوه‌ بەغدا".


کەمال محەممەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم (بەوەکالەت) لەکاتی بەشداریکردنی لەکۆڕبەندی مێپس 2023 لەدهۆک، ڕایگەیاند، "هەوڵەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن بۆ دوبارە هەناردەکردنه‌وه‌ى نەوتی کوردستان".

وتیشى، "تورکیاو عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەربڕیوە، تاکە کێشەی بەردەم دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکەش، تێچوی دەر‌هێنان‌و بەرهەمهێنانی نەوتەو کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش دەکرێت".

هه‌روه‌ك وه‌زیرى سامانە سروشتییەکان وتویه‌تى، "کۆتایی ئەم مانگە وه‌فدێكى حکومەتی هەرێم بۆ تاووتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، سەردانی بەغدا دەکات، پێشبینیدەکەم پێش کۆتایی ئەمساڵ نەوتی کوردستان هەناردەبکرێتەوە".

ئه‌وه‌شى وت، "ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەبڕی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار زیانی به‌ئابوریی عێراق گەیاندوە".