ئاژانسێکی عێراقی: لەسلێمانی دەست بەجێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و دەرهێنانی کارتی بانکی کرا

کوردستان

28/02/2024‌ 4578 جار خوێندراوه‌ته‌وه



دوای بڕیاری کۆتایی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستان لە بانكەفیدراڵیەكان، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگای سلێمانی دەستیان کرد بە  دەرکردنی "ماستەر کارد" بۆ فەرمانبەرەکانیان.

 ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی شوباتی 2024)، سەرچاوەیەکی ناوخۆیی ئاشکرای کرد، ژمارەیەک لە فەرمانگە حکومییەکان لە سلێمانی دەستیان کردووە بە دروستکردنی “ماستەرکارد” بۆ فەرمانبەرەکانیان.

 ئەو سەرچاوەیە بە "بەغداد ئەلیەوم"ى ڕاگەیاند، "ژمارەیەک لە فەرمانگە حکومییەکان لە سلێمانی، لەوانەش تەندروستی، ڕۆشنبیری، کارەبا، ڕێکارەکانی دەرکردنی ماستەرکاردیان دەستپێکردووە".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دوێنێوە ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە دەستیانکرد بە ئامادەکردنی (فۆرم)ی تایبەت بە مەبەستی دەستپێکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ بانکە حکومییەکان بۆ دەرکردنی ماستەرکارد و جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەران، وەک دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە.

 ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی داوایانکردووە مووچە لەڕێگای هەژماری من و دامەزراوەکانی هەرێمەوە بدرێت ئەوەش وەک ڕەتکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی یان پابەندنەبوون پێوەی دەزانرێت.