مەترسیدارترین هەڕەشەی سەر قەوارەی هەرێم !

مەلەفی تایبەت

02/03/2024‌ 1938 جار خوێندراوه‌ته‌وه


  ئارێز عەبدوڵلا
تا قەوارەی هەرێم و ئەو مافە دەستوریانەمان لە عێراق وەدەستهێناون گەلەکەمان قوربانییەکی بێ ئەندازە گەورەی داوە. ئەوەی وەدەستمان هێناوە بەری خوێنی لاوەکان و فرمێسکی دایک و باوکانە. ئەگەر بە پێوەری ڕێژەی دانیشتوان بێ، تا گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە لەسەر ڕووی زەمین هیچ گەلێكی تر بەقەد گەلی کوردستان لە پێناوی ئازادی و ڕزگاری قوربانی نەداوە. کەچی، دوای (٣١) ساڵ لە فەرمانڕوەوایی خۆمان، هێشتا بەناوی خەبات و شەرعیەتی شۆڕشگێڕانە ڕۆژ دوای ڕۆژ دامودەزگا نیشتمانیەکانمان نەک هەر دادەڕزێنین، بەڵکو زیاتریان دەکەینە دامەزراوەی کەڵەکەکردنی سەرمایەی تایبەت و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری زیاتر، بۆ کەسانێک کە ئەگەر دادگایەکی ڕەوا هەبێ نەک هەر شانازی خەبات و ڕابردویان لێ دەسێنێتەوە، بەڵکو بەتوندترین شێوەش سزا دەدرێن و دەبێ لە کونجی زیندان ئاخ و ئۆف بۆ ڕابردوویان هەڵکێشن.
بەڵێ، قەوارەی هەرێمی کوردستان لە خەم نەرەخسیوە و هەڕەشەی دەرەکی و ناوەخۆیی لەسەرن، بەڵام لەهەموو هەڕەشەکان مەترسیدارتر هەڕەشەی گەندەڵی و گەندەڵکارانن، کە بەشێوەیەکی مافیایی ڕێکخراو دەسەڵاتی وڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکاردێنن. هەر وڵاتێک کە تازە دادەمەزرێ هەنگاو بەهەنگاو چارەسەری گرفت و کەموکوڕییەکانی دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێـمە ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتری دەکەین.
ئایا دەزانن بۆچی؟
چونکە یاسا سەرەوەر نییە، دادپەروەری نییە، ئەوانەی بەپاساوی خەباتی ڕابردوو دەست بەسەر سامان و موڵکی وڵاتدا دەگرن ویژدانیان نییە و لە خواش ناترسن.
ناکرێ چیتر ئێمە دەستی چەوری خۆمان بە سمێڵی دوژمنانەوە بسڕینەوە، یان ئۆباڵی شکستەکانمان بخەینە ئەستۆی خەڵکی تر. دەزانین لەبنەڕەتەوە خەڵکی تر دژی مافە ڕەواکانی ئێمەن، بەڵام ئایا ئەو دژایەتی و پیلانگێڕییەی ئەوان بەقەد ئەو گەندەڵکاری و بێ سەروبەرییەی ئەمڕۆ مەترسییە بۆ سەر هەرێم؟
بێ گومان نا، چونکە ئەگەر  دار بەڕوویەک گەندەڵ نەبێ خۆی لەبەر بەهێزترین رەشەبادا دەگرێ.
ئایا دەتواندرێ تاسەر بەم شێوەیە وڵات بەڕێوەببرێ؟
ئایا دەبێ دەوڵەتداری بکەین یان حوکمی قەرەقۆش؟
خەریکە ماوەی چارەسەر بەسەر دەچێ، ئەگەر ئەوەندە دەرفەتۆکەی ماوە نەقۆزرێتەوە بەدڵنیاییەوە دەقەومێ و کە قەوماش دیارە کێ لێی بەرپرسیارە.