مەرگ لە ناو پەناگەدا

ڕاپۆرت

14/03/2024‌ 504 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لە چوارچێوەی پرۆژەی دەزگای میدیایی شار پرێس بۆ دۆکیۆمێنتکردنی بەشێک لە تاوانە لە یادکراوەکانی نەتەوەی کورد، بەشی دۆکیۆمێنتاری دەزگاکە هەستا بە بەرهەمهێنانی بەڵگە فیلمێک لەسەر تاوانی بینا سوتاوەکەی شارەدێی سیروان.

لە بەرواری ٦ی ئابی ١٩٨٦ و لە ئەنجامی بۆردومانی کۆماری ئیسلامی ئێران، زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون لە ناو باڵەخانەیەکی تەواونەکراوی شارەدێکەدا شەهید بوون.

بەڵگە فیلمەکە لە زاری شایەدحاڵ و ڕزگاربووەکانەوە چیرۆکی تاوانەکە دەگێڕێتەوە. هاوکات باسی هۆکارەکانی کۆبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتییان دەکات لە ناو باڵەخانەکادا.

ئەگەر چی لە ساڵی ٢٠١٩دا باڵەخانەکە کرایە مۆنیۆمێنتێک بۆ ئەو تاوانە، بەڵام وەک لە بەڵگە فیلمەکەدا نیشان دەدرێت، پرۆژەکە بە نیوەناچڵی کرا و مۆنۆمێنتەکە بەتەواوی وەلانراو و بێخزمەتە.

لە لایەکەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدانی هەڵەبجە وەک دروستکەری مۆنۆمێنت و لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە، کە بەهۆی ئەوەی سەرەتا باڵەخانەکە بە مەبەستی قوتابخانە دروست کرابوو، بە بیانوی قەیرانی دارایی و چەند بیانویەکی نەشیاوی دیکەوە کە لە بەڵگە فیلمەکەدا خراوەتە ڕو، مۆنیۆمێنتەکەیان بە تەواوی وەلا نابوو.

بەدواداچونی تیمی دۆکیۆمێنتاری شارپرێس وایکرد، دوای ٣٨ ساڵ لە تاوانەکە و ٣٢ ساڵ لە دروستبوونی حکومەتی هەرێم و ٥ ساڵ لە دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە، خاوەنی ڕاستەقینەی باڵەخانەکە بدۆزێتەوە و بەڵێنی ئەوە بدات لەمەدوا خزمەتێکی بکات شیاوی ئەو تاوانە بێت.