كەمخەوی تووشی شەكرەت دەكات

تەندروستی

17/03/2024‌ 420 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لێکۆڵینەوەیەکی سویدی ئاماژەی بەوەکردووە، بەبەراورد بەو کەسانەی کە 7 یان 8 کاتژمێری پێشنیارکراوی شەوانە دەخەون، ئەوانەی بەزۆری شەوانە 5 کاتژمێر دەخەون، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرە بەڕێژەی 16% زیاترە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی Health Day تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی ئۆپسالا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پاراستنی خۆراکی تەندرووست ئەم ئەنجامە ناگۆڕێت بۆ ئەو کەسانەی کەم دەخەون یان بەدەست کەمخەویەوە دەناڵێنن.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی تەنها 3 بۆ 4 کاتژمێر دەخەون، بە ڕێژەی 41% مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرە زیاترە.

بە پشکنینی داتاکانی 248 هەزار کەس لە تۆمارەکانی بایۆبانکی بەریتانی، دەرکەوتووە کە تەنانەت ئەگەر ئەوکەسانەی کەمدەخەون، خۆراکی تەندرووستیش بخۆن، مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئەنجامەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لاوازییەکانی پەیوەست بە مەترسیی بەرزی نەخۆشیی شەکرە لەو کەسانەدا دەستیپێکردووە کە کەمتر لە شەش کاتژمێر خەوتوون، و لەو کەسانەدا بەدی نەکراوە کە 7 یان 8 کاتژمێر خەوتوون.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی