بەغدا دژی لەشکرکێشییەکەی تورکیا هەڵوێستی ڕاگەیاند

کوردستان

10/07/2024‌ 839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدی لە ڕەتكردنەوەی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر عێراق كردەوە، و هاوكات ڕێنمایی كرد كە شاندێك بە سەرۆكایەتی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ڕەوانەی هەرێمی كوردستانی عێراق بكرێت؛ بەمەبەستی پێداچوونەوە بە بارودۆخی گشتی و وەرگرتنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان لیوا یەحیا رەسوڵ، لە بەیاننامەیەكدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی كرد، كە تیایدا گرنگترین پرس و پێشهاتە ئەمنییەكان تاوتوێ كرا، و هەروەها باس لە بابەتەكانی بەرنامەی كار كرا و بڕیار و ئاراستەی پێویست سەبارەت بەو بابەتە درا.

ئەنجومەنەكە باسی لە پرسی دەستێوەردان و پێشێلكارییەكان كرد كە لەلایەن هێزەكانی توركیاوە لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەكاندا پراكتیزە دەكرێن، و جەخت كرایەوە لە رەتكردنەوەی لەشكركێشی و پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر زەوی عێراقییەكان، هەروەها پێویستە توركیا ڕەچاوی پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باش بكات و مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حكومەتی عێراق بكات و هەماهەنگی لەگەڵدا بكات سەبارەت بە هەر بابەتێك كە پەیوەندی بە لایەنی ئەمنیەوە هەبێت.

 سەرۆك وەزیران رێنمایی داوە، شاندێك بە سەرۆكایەتی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ڕەوانەی هەرێمی كوردستانی عێراق بكرێت، بەمەبەستی پێداچوونەوە بە دۆخی گشتی و وەرگرتنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو لەسەر ئەم بابەتە كە كاریگەری لەسەر سەروەری عێراق هەیە.

 ئەنجومەنەكە داوای لە هەموو لایەنەكان و هێزە نیشتیمانییەكان كرد كە پاڵپشتی هەڵوێستی حكومەت بكەن لەم بابەتەدا، و هەڵوێستی عێراقی دووپاتكردەوە لەسەر بنەمای دەستور و یاسا، كە هێرشكردنە سەر زەویەكەی قەدەغە دەكات، یان بەكارهێنانی زەوی عێراقییەكان وەكو شوێنی هێرشكردنە سەر زەوی وڵاتانی دراوسێ.