شارپرێس:
پاش زیادبونی گرژییهكانو ههڕهشهكانى ئێران بههۆى كوژرانى ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس لەتارانو فوئاد شوكر فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنان لەبەیروتو محەمەد زهیف بەرپرسی باڵی سەربازیی حەماس لەكەرتی غەززە، ئەمریكا بڕیاری زیادكردنی ژمارەی كەشتییە جەنگییەكانی لەناوچەكە دەركرد.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشكرایكردوه، كەشتییە جەنگییەكانی ئەمریكا لەتێكشكێنەرەكاننو لەناوچەكانی كەنداوی عەرەبیو ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاوەیان پێدەكرێت، لەنێویشیاندا كەشتیی فڕۆكەهەڵگری (یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزفڵت)و تیمی هێرشیی (ئاویو وشكانی)و زیاتر لەچوار هەزار سەربازیی پیادەی دەریاییو كەشتیوانی هەن.
هەر بەگوێرهى هەمان ڕاپۆرت، ئەمریكا سەرلەنوێ ژمارەیەك كەشتیی جەنگیی خۆی لەئاوەكانی دەریای سور (كە ئەوانیش تایبەتن بەهێرشكردنەسەر حوسییەكانی یەمەن) گەڕاندوهتەوە بۆ كەنداوی عەرەبیو دەریای ناوەڕاست، ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارگرژییەی كە ناوچەكەی گرتوهتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە 31ی تەمموزی 2024، ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس لەتارانی پایتەختی ئێران بەموشەكێك كوژرا، پاشانیش ئێران هەڕەشەی ئەوەیكرد كە تۆڵەی كوشتنی هەنییە دەكاتەوە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییەو پاسەوانە تایبەتەکەی لەشوێنی مانەوەی لەباکوری شاری تاران، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبوەتەوەو فەرمانی بەبەرپرسانی ئێرانی کردوە، ئەمجارە دەبێت وەڵامی ئێران ئەوەبێت، کە ڕاستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
هەروەها لەو کۆبونەوەیەدا، خامنەیی داوای لەبەرپرسان کردوە لەئەگەری فراوانبونی جەنگ لەناوچەکەو هێرشی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پلانی هێرشو بەرگریش ئامادەبکەن.
