چین بەشەمەندەفەری فڕیو جیهان توشی شۆک دەکات

هەمەڕەنگ

10/08/2024‌ 2134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

"شەمەندەفەری فڕیو" پڕۆژەیەکی نوێی چینییە کە بەدەستکەوتێکی تەکنیکیی گەورە لەبواری گواستنەوە دادەنرێت، ئەم شەمەندەفەرە کە خێراییەکەی دەگاتە هەزار کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، بەپێشکەوتنێک دادەنرێت لەگواستنەوەی زەمینیدا، لەڕووی خێرایی‌و تەکنەلۆژیاوە لەفڕۆکەکان تێدەپەڕێت.


پەکین لەمدواییانەدا تاقیکردنەوەکانی لەسەر ئەم شەمەندەفەرە موگناتیسییە خێرایە تەواوکرد کە بە"شەمەندەفەری فڕیو" ناسراوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی چینی شینخوا، ئەم تاقیکردنەوەیە پێگەیشتنی تەکنیکی گشتیی سیستەمەکەی باشترکردووە، ئەنجامەکان لەگەڵ ژمارە پێشوەختە دیاریکراوەکاندا یەکدەگرێتەوە، لەوانە توانای گەشتکردنی موگناتیسی، سیستەمی سوکان، زۆرترین خێرایی‌و بەرزی هەڵپەساردنی موگناتیسی ئۆتۆمبێلەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکە.

ئەم شەمەندەفەرە ڕەنگە لەداهاتودا لەنێوان گروپە گەورەکانی شارەکاندا کاربکات‌و ڕەنگە ماوەی گەشتەکانی نێوان پەکین‌و شەنگەهای بۆ تەنها 90 خولەک کەمبکرێتەوە، سەرەڕای پێشکەوتنە سەرنجڕاکێشەکان، پسپۆڕ سون ژانگ لەزانکۆی شەنگەهای تۆنگجی ئاماژەی بەوەدا کە پشکنینی سەلامەتی درێژخایەن پێویستە پێشئەوەی سیستەمەکە ببێتە بەکارهێنانی باو.

ئەم پڕۆژەیە بیرۆکەی ئیلۆن ماسک دەهێنێتەوە یاد کە سیستەمی هایپەرلۆپ بوو، کە ئامانجی پەرەپێدانی گواستنەوە بوو لەبۆرییەکی پەستانی نزمدا، بەڵام کۆمپانیاکەیان بەناوی Hyperloop One لەکۆتایی ساڵی 2023 دەرگاکانی داخست، پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت کە چین تۆڕێکی شەمەندەفەری هەیە کە زیاتر لە 159 هەزار کم درێژدەبێتەوە، کە زیاتر لە 45 هەزار کم هێڵی خێران.

و: ئاکۆ ئاڵی