باڵیۆزی تورکیا دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی بازرگانەکەی هەرێمی لەئیستانبوڵ ئاشکراکرد

کوردستان

04/09/2024‌ 771 جار خوێندراوه‌ته‌وه



باڵیۆزی توركیا لەعێراق ڕایگەیاند تاوانبارانی كوشتنی گەنجەكەی دهۆك لە شاری ئیستانبۆڵ دەستگیركراون و رێكاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک، ئه‌مڕۆ چوارشەممە‌ مەسرور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان پێشوای لە ‌ئانل بۆرا ئينان باڵيۆزى نوێى توركيا له‌ عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرینگیی پەرەپێدانیی پەیوەندیی دوولایەنە، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی کرایەوە.

هەروەها تەوەرێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆژەی ستراتیجيی ڕێگەی گەشەپێدان کە وڵاتانی کەنداو لە ڕێگەی عێراقەوە بە تورکیا و ئەوروپا دەبەستێتەوە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی بەشداربوونی هەرێمی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەم پرۆژە گرینگەدا.

هاوکات، ئاماژە بە تاوانی کوشتنی گەشتیارێکی دهۆک لە ئیستانبۆڵ کرا و وێڕای نیگەرانی دەربڕین بەرانبەر ڕوودانی ئەم تاوانە و پێشکەشکردنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکە، باڵیۆزی تورکیا دووپاتی کردەوە کە تاوانباران دەستگیرکراون و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەرو هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر نەهێشتنی هەر کێشە و ئاستەنگێک، کە بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانیان بۆ تورکیا دێتە ئاراوە.