دزییەکی دیکە لە عێراق ئاشکراکرا؛ قەبارەی دزییەکە 18 ملیار دۆلارە

عیراق

04/09/2024‌ 3405 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە شاری هەولێرەوە دزییەکی دیکەی ئاشکراکرد، کە لە عێراق کراوە و دەڵێت، لە دزیی سەدە گەورەترە.

حەیدەر حەنوون، دۆسیەیەکی دیکەی گەندەڵی ئاشکراکرد و وتی "دۆسییەیەکی دیکەی گەندەڵی بریتییە لە هێڵی شەمەندەفەر کە دزینی تەواوی هێڵەکەیە و فرۆشتنیەتی بە 18 ملیار دۆلار، کۆمپانیاکەی کە گرێبەستی کردووە بەڕێوەبەرەکەی ناوی موسەننا مەهدی عەتییە، لەم بابەتەدا هێڵی شەمەندەفەری عێراق هەمووی فرۆشراوە بەتەواوەتی، وەکو ئەوەی کودەتا بێت بەسەر عێراق دا."
 
روونیشیکردەوە "دۆسیەکەمان داوە بە دادوەر زیا جەعفەر لەفتە و دوو مانگە هیچی بۆ نەکراوە، نازانین چی لێهات؟"
 
باسی لەوەش کرد، پارێزگای واست لە مانگی نیسانی 2024، سکاڵای لەسەر دەستەی دەستپاکی کردووە، گوایە دەستەکە شکۆی پارێزگاکەی شکاندووە کاتێک ئەوەی بڵاوکردووەتەوە "فەرمانبەران پارە لە بارهەڵگرەکان وەردەگرن و لە کاتی تاوانەکەدا گیراون" و وتی "دۆسیەکە رەوانەی دادوەر زیا جەعفەر کراوە، بەڵام ئێمە پێمانوت تۆ پەیوەندیت بەو بابەتەوە نییە، چۆن دەبێت لێکۆڵینەوەمان لەگەڵدا بکەیت؟"