فەرماندەی پاسداران نهێنییەک لەبارەی جەنگی شاراوەی کەشتییەکان لەنێوان ئێران‌و ئیسرائیل ئاشکرادەکات

جیهان

08/09/2024‌ 6782 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، لیوا حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکردوە، ئێران‌و ئیسرائیل لەماوەی شەش ساڵی ڕابردودا شەڕی لێدانی کەشتییەکانی یەکتریان کردوە، بەشێوەیەک ئیسرائیل 14 کەشتی ئێرانی کردوه‌تە ئامانج بەئامانجی ڕێگریکردن لەهەناردەکردنی نەوتی ئێران، لەکاتێکدا ئێران وەڵامیداوەتەوەو 12 کەشتی ئیسرائیلی کردوه‌تە ئامانج.


ئاژانسەکە باسی لەوەکردوە، ئەم لێدوانەی فەرماندەی سوپای پاسداران لەمیانی لەسەردانەکەی مەسعود پزیشکییان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بارەگای "خاتەمول ئەنبیا" باڵی ئابوریی سوپای پاسداران بوو.

لیوا سەلامی ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێران لەم ماوەیەدا بەهەلومەرجی سەختدا تێپەڕیوە، کە بریتیبون لەسزای توندی ئابوریی، هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، دابڕانی سیاسی نێودەوڵەتیی، ئەمە جگە لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

جەختى لەوەشکردوه‌تەوە، هێزەکانی ئێران توانیویانە بەشێوەی جۆراوجۆر مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە بکەن، لەوانە دەستەبەرکردنی هێڵەکانی کەشتیوانیی دەریایی‌و ڕوبەڕوبونەوەی هەوڵەکانی چەتەی دەریایی ئەمریکا.

فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لەدرێژەی قسەکانیدا وتویەتی:"بۆ ڕێگریکردن لەهەناردەکردنی نەوتەکەمان 14 کەشتیی ئێمەیان کردە ئامانج‌و سەرەتاش نەماندەزانی کێ ئەو کارە دەکات، چونکە ئەوان بەنهێنییەکی تەواوەوە ئەوکارەیان دەکرد، بەڵام لەکۆتاییدا بۆمان دەرکەوت کە ئەوە دەستی ئیسرائیلی تێدایە، بۆیە ئێمە، لەبەرامبەردا، 12 کەشتی ئەوانمان کردە ئامانج.

سەلامی دەڵێت:"کاتێک کەشتی پێنجەمی ئیسرائیییەکانمان کردە ئامانج، دەستیان بەرزکردەوەو وتیان: با شەڕی کەشتیەکان بوەستێنین، هەروەک چۆن ئینگلیزەکان کاتێک کەشتیەکەمانیان لەجەبەل تارق دەستبەسەرداگرت، ئێمە دەستمان بەسەر کەشتیەکەیاندا گرت، واتە کەشتی (ستێنا ئیمپرۆ)، ئەوانیش تەسلیمبون، دواتر دوو کەشتیی ئێمەیان لەیۆنان ڕاگرت، بۆیە ئێمە دوو کەشتی ئەوانمان دەستبەسەرداگرت‌و لەکۆتاییدا ئەوانیش تەسلیمبون".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت:" ئێمە توانیمان فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێشکەوتوەکەی ئەمریکا بخەینە خوارەوە، ئەوکاتە ئێمە لەبارودۆخێکی زۆر سەختدابوین، بەکوشتنی قاسم سولەیمانی‌و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو سەپاندنی توندترین سزای ئابوریی بەسەرماندا، ئەوانیش هەوڵیان دەدا توشی گۆشەگیریی سیاسییمان بکەن، بۆیە ناچاربوین لەبوارە جیاوازەکاندا ڕێگرییەک بۆ ئەم هەڕەشانە دروستبکەین".

ئه‌وه‌شى وت:"سەرەتا دەبوو هێڵەکانی کەشتیوانیی مسۆگەربکەین‌و کاتێک ئەمریکییەکان هەوڵیاندا یەکێک لەکەشتییەکانمان بدزن، هێزەکانمان ڕێگەیان پێنەدەداو ئەمریکییەکان بەنائومێدیەوە گەڕانەوەو کاتێک ئەوە ڕویدا، سزاکان لەکایەی جێبەجێکردندا پوچەڵکرانەوە”.