وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەدرێژەی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری لەهەرێمی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی یەک شەممە کۆبونەوەیەکی تایبەت بەچارەسەری کێشە ئابوری و داراییەکان لە نێوان هەردولا بەڕێوەچوو.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند، لەکۆبونەوەکە هەریەک لە دکتۆر فواد حسێن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابوری و تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و عەمار سوبحی خەڵەف سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و ژمارەیەک لەڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق و لەهەرێمی کوردستانیش هەریەک لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و دکتۆر دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەی بوون.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆبونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا بەڕێوەچوو، هەردولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا بەتایبەت ئەو کێشانەی ڕەهەندی دارایی و و ئابورییان هەیە لە سەر بنەمای یاساو دەستوور. پرسی بودجەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و خاڵەسنوریەکان و ڕێکارەکانی باج گفتوگۆیان لەبارەوە کراو هەردولا هاوڕابوون میکانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزرێنەوە.
بڕیارە کۆبوەنەوەکان سبەی دووشەممە درێژەی هەبێت و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشیان بەگشتی و هەرێمی کوردستان بێت.