شارپرێس:
ماڵپەڕی RLA لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەپەرەسەندنی ئەمدواییەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لەناوچەی کوردستانی عێراق کردوەو تێیدا نیگەرانییەکانی لەبارەی خواستە جیۆپۆلەتیکییەکانی تورکیا لەهەرێمی کوردستان وروژاندوە.
پێگەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، هەرچەندە تورکیا بەشێوەیەکی نەریتیی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردوهتە ئامانج، بەڵام ڕاپۆرتەکانی بەرپرسە ناوخۆییەکان ئاماژە بەشێوازێکی نائارامکەر دەکەن لەزیادبونی کوژرانی مەدەنییەکان، ئەمەش ڕەخنەی نێودەوڵەتیی لەسەر ئەو ڕەفتارەی تورکیا لێکەوتوهتەوە.
پێگەکە ڕونیکردوهتەوە، تورکیا بونی پەکەکە وەک بیانویەک بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە شەڕانگێزە سەربازییەکانی بەکاردەهێنێت، لەکاتێکدا چاودێران پێیانوایە، ئەنكەرە بەدوای گەیشتن بەئامانجی فراوانتردایە، ئەویش ئامانجی بەهێزکردنی نفوزی ناوچەکەداو دوبارە داڕشتنەوەی دیمەنی سیاسیی لەهەرێمی کوردستان.
هەروەک دەڵێت، "تورکیا ڕوبەڕوی ڕەخنەی توند دەبێتەوە بەهۆی ناکۆکیی نێوان ڕەخنەکانی لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەغەززەو بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی کە دەبێتە هۆی بونی قوربانیانی مەدەنی لەکوردستانی عێراق، کە هەندێک بەگوێرهى یاسا نێودەوڵەتییەکان بەتاوانی جەنگ وەسفیانکردوە.
ئەوەش هاتوە، "جگەلەوەش هەندێک لایەن تورکیا تۆمەتباردەکەن بەوەی سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردن لەناوچەکەدا پەیڕەو دەکات کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی نفوزی وڵاتانی وەک عێراقو ئەمریکاو یەکێتی ئەوروپایە لەناوچەکەدا، ئەمەش کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە بەسەر دۆخی هەرێمی کوردستاندا بەهێزتر دەکات".