بارزانى: دواخستنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری هه‌بوه‌

کوردستان

04/01/2025‌ 3354 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەسرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی گەیاندە بەرپرسانی ئەمریکا، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "دواخستنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری بەئابوریی عێراق گەیاندوە".


له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا كه‌ مه‌سرور بارزانى له‌تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى ئێكس بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ نوسیویه‌تى:"پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان لەبەڕێز جێفری پایت یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە پێگەیشت‌و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنەو هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێممان تاووتوێکرد".

ده‌شڵێت:"هاوڕابوین لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان‌و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەزوترینکاتدا، چونکە وەستانی، زیانێکی زۆری لەبودجەی گشتیی عێراق داوە".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، "دواخستنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، زیانی زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری بەئابوریی عێراق گەیاندوە".

مه‌سرور بارزانى وتویه‌تى:"له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا جەختمان لەپێویستیی دابینکردنی ماف‌و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێره‌ى دەستورو ڕۆڵی گرنگی هەرێم لەبرەودان بەسەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو گەشەپێدانی ئابوری‌و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.

چاودێرانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، كاتێك سەرۆک وەزیران دەڵێت زیانی وەستانی هەناردەی نەوت زیاتر لە25 ملیار دۆلاره‌ بۆ عێراق، كه‌واته‌ دەبێت داهاتی نەوتی هەرێمی لەم ماوەیەدا 20 ملیار دۆلارێک بوبێت، چونکە نەوت بەردەوام  بەرهەمهاتوەو ماوەیەکی کەم نەبێت بەرهەم لەسەرو 300 هەزارو زۆرجاریش بەتێکڕا 320 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوە، لەم بڕەش بەتێکڕا  60٪ بۆ 70٪ی بۆ حکومەت ماوەتەوەو نەوتیش بە 50٪ی نرخی نەوتی عێراق فرۆشراوە.

هه‌روه‌ك چاودێران ده‌ڵێن، "ئه‌ى بۆ داهاتەکەی دیارنییە؟! یان ئەو بەرهەم‌و فرۆشی نەوتە بەداهات دانانرێت".