دروزەکانی سوریا؛ چ دواڕۆژێک؟

توێژینەوە و شیکاریی

04/01/2025‌ 3763 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕاپۆرتی شیکاریی:
ئامادەکردنی: د.بورهان یاسین
٤-١-٢٠٢٥

ناوەڕۆک
پێشەکی ------------------------------------------------------------------------------------------------ 
دروزەکان کێن؟ ------------------------------------------------------------------------------------ 
دروز لە ئیسرائیل ---------------------------------------------------------------------------------- 
دروز لە سوریا ------------------------------------------------------------------------------------- 
سێ بژاردە لە بەردەم دروزەکانی سوریا ---------------------------------------------------- 

 

پێشەکی
لە رۆژانی دواییدا هێزە چەکدارەکانی دەسەڵاتی نوێی سوریا هەوڵیاندا بچنە ناو پارێزگای سوەیدا (پێگەی سەرەکی کەمینەی دروز لە سوریا) بەڵام لە لایەن چەکدارانی ناو پارێزگاکە رێگایان پێنەدرا بچنە ناو پارێزگاکەوە. ئەم رووداوە پرسیارێکی گرنگی دەربارەی چارەنووسی دروزەکان لە سوریا وروژاند. جگە لە پاشخانی دروزەکان وەک کەمینەیەکی چاڵاک لە شۆڕش و ململانێکان لە مێژووی سیاسی سوریادا و تەنانەت رۆڵیان لە ساتە هەرە هەستیارەکانی پڕۆسەی روخانی رژێمی ئەسەد، راگەیاندنی ئیسرائیل کە چارەنووسی دروزەکانی سوریا گرنگە بۆ ئیسرائیل" گرنگییەکی زۆری هەیە. تەنانەت ئەم گرنگییە وا دەکات کە ئاوڕێکیش لەو سیناریۆیە بدەینەوە کە باس لەوە دەکات کە ناوچەی دروزەکانی سوریا، کە بە گشتی ناوچەی خواروی رۆژئاوای سوریایە و سنوری هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، دواجار بخرێتە سەر ئیسرائیل. ئەم دوو پێدراوە بە یەکەوە، بە ئەگەری زۆر، لە یەکلاکردنەوەی دواڕۆژی دروزەکان لە سوریای دوای روخانی رژێمی ئەسەد، رۆڵی سەرەکیان دەبێت لە دیاریکردنی چارەنووسی دروزەکانی سوریا.  
      مەبەستی وتاری بەردەست ئەوەیە کە تیشک بخاتە سەر کەمینەی دروز لە رۆشنایی پێشهاتەکانی هەرە دوایی سوریا، واتە ئەو زەمین لەرزەیەی بەر ئەو وڵاتە کەوت لە ئاکامی روخانی رژێمی ماڵباتی ئەسەد و سیناریۆکانی پەیوەندیدار بە پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتوی دەسەڵاتی سیاسی لە سوریا و بژاردەکانی بەردەم دروزەکان لەو وڵاتە و رۆڵی ئیسرائیل لە داهاتوی ئەم کەمینە گرنگە. دەبێ هەر لێرەوە ئەوە بیر بخەینەوە کە بەسەرهاتی دروزەکان، جا بە ئاراستەی هەر سیناریۆیەکدا بێت، کاریگەری راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان دەبێت. 


دروزەکان کێن؟
دروزەکان، هەروەها ناسراو بە موەحیدون، گروپێکی ئاینین و خۆیان وەک موسڵمان پێناسە ناکەن. ئەم گروپە لە سەرەتادا شیعەی ئیسماعیلی بوون بەڵام زۆر ئاین و بیروباوەڕ کاریگەری لەسەر ئاینی دروزەکان هەبووە، یەکێکیش لەوانە ئاینی زەرادەشتی. زمانی دروزەکان عەرەبییە و خۆشیان لە رووی ئیتنییەوە لە عەرەب جیا نەکردۆتەوە، بەڵام لە رووی ئاینییەوە خۆیان لە ئیسلام جیادەکەنەوە. لە دەرەوەڕا هەندێک جار بە موسڵمان و هەندێک جاریش وەک ئاینێکی سەربەخۆ بینراون. هەر بۆ نموونە، دانیشگای ئەزهەر بە مەبەستێکی سیاسی دروزەکانی، بە پێی فەتوایەک لە ساڵی ١٩٥٩، وەک موسڵمان لەقەڵمدا، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەی کە ئەو کاتە جەمال عەبدولناسر پەیڕەوی ئەکرد لە چوارچێوەی رێکخستنی نەتەوەی عەرەب لە جیهانی عەرەبیدا. بەڵام لە کاتی باڵادەستی ئەخوان موسلیمون دوای روخانی رژێمی حوسنی موبارەک، جارێکی دیکە ئەزهەر پەیڕەوانی ئاینی دروزی وەک غەیرە موسڵمان لەقەڵەمدا. 
      وەک زۆرێک لە کەمایەتییەکان دروزەکان لە رووی ئاینی تایبەت بە خۆیان زۆر نهێنی پارێزن، ئەم نهێنی پارێزی و شاردنەوەی باوەڕەش، بە تایبەتی لەسەر بنەمای "تەقییە"، بەشێکە لە ستراتیجی مانەوەی گروپەکە، بە تایبەتی کاتێک بەرەوروی زۆرینەیەکی بە ژمارە یەکجار زۆر دەبێتەوە وە لە ژینگەیەکدا دەژی کە زۆرینەیەکی ئاینی دیکە باڵادەستی و هەژمونی تیادا هەیە. جگە لەوەش خۆگونجاندنیش (تەکەیوف) بەشێکی تری گرنگە لە ستراتیژی خۆپارێزی ئەو کەمینەیە. جێگای سەرنجە کە رێبەرانی دروزەکان دوو جۆرن، بەشێکیان تایبەتمەندن بە کاروباری "ئاینی" وە بەشێکیشیان کاروباری "دونیایی" بەڕێوە دەبەن. دروزەکان بە شێوەیەکی تایبەتی لە سێ وڵاتدا وەک کەمایەتی ئاینی دەژین، لە لوبنان نزیکەی ٦%، لە سوریا ٣% وە لە ئیسرائیل نزیکەی ٢% لە دانیشتوان پێک ئەهێنن. ژمارەیەکی کەمیش لە ئوردن دەژین. لە کۆتای ١٩٩٠کان ژمارەی دروزەکان بە گشتی، لە هەموو جیهان، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بوون، نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە لە سوریا ئەژیان. لەم چوار وڵاتەدا دروزەکان مافی ئەوەیان هەیە لە پرسە ئاینییە-دادوەرییەکان دادگای تایبەت بە خۆیان هەبێ، ئەمەش رێک لە چوارچێوەی ئەو سیستمەیە کە لە دەوڵەتی عوسمانیدا لەمەڕ کەمایەتییە ئاینییەکان پەیڕەو ئەکرا، کە بە "سیستمی میللەت" (Milletin sistemi) ناسرابوو.
      وەک بەشێک لە ستراتیژی خۆپارێزی دروزەکان (هاوشێوەی ئێزدییەکان) زیاتر پەنایان بردۆتە بەر ناوچە شاخاوییەکان (لە سوریا شاخی شاخی دروز وە لە لوبنان شاخی لوبنان). ئەگەرچی دروزەکان بە ژمارە کەمن بەڵام بە گشتی رۆڵێکی سیاسی گرنگیان لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی لە سوریا و لوبناندا، بینیوە. 

دروز لە ئیسرائیل
لە ئێستادا زیاتر لە ١٥٠ هەزار دروز لە ئیسرائیل دەژین، زۆربەی هەرە زۆریشیان دانیشتوانی باکوری ئیسرائیلن. دروزەکانی ئیسرائیل لە روی ئیتنییەوە وەک عەرەب پێناسە دەکرێن، بەڵام لە روی پابەندییان بە دەوڵەتی ئیسرائیل و مافەکانیان لەو وڵاتەدا جیاوازییان لەگەڵ عەرەبە فەلەستینییەکانی ئیسرائیل هەیە. لە ساڵی ١٩٥٧ەوە حکومەتی ئیسرائیل وەک کەمینەیەکی ئاینی جیاواز، بە هەندێ مافی زیاترەوە لە فەلەستینییە عەرەبەکان، مامەڵەی لەگەڵ دروزەکان کردووە، وەک بۆ نموونە خزمەتکردن لە ریزەکانی هێزی لەشکری ئیسرائیل وە مافی مولکداری. دروزەکانی ئیسرائیل بزوتنەوەی زایۆنیستی تایبەت بەخۆیان هەیە. ئەم بزوتنەوەیە، بە تایبەتی، لەناو توێژی گەنجانی دروز پێگەی بەهێزە.
      جگە لەو دروزانەی کە هەر زوو لە دوای راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون بە بەشێک لەو دەوڵەتە بەڵام لە دوای داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوە لە جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧، ژمارەیەکی زۆر لە دروزەکانی ئەو بەرزاییانە (کە لە ئێستادا نزیکەی ٢٥ هەزار کەسن) کەوتنە ژێر رکێفی داگیرکاریی ئیسرائیل. کاتێکیش ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨١ ئەو بەرزاییەکانی جۆلانی لکاند بە خۆیەوە، دروزەکانی جۆلان کەوتنە ژێر فەرماڕەوایی دەوڵەتی ئیسرائیل. لە ساڵی ٢٠١٩ ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بە رەسمی دانی بەوە دانا کە بەرزاییەکانی جۆلان بەشێکن لە ئیسرائیل، بەمەش ئەم بڕیارە کاریگەری لەسەر یەکلابوونەوەی دروزەکانی جولان دانا.   

دروز لە سوریا
دوای ئەوەی سوریا، بە پێی بڕیارەکانی کۆنفرانسی سان-ڕیمۆ بوو بە "مونتەدەبە"یەکی فەرەنسی لە ساڵی ١٩٢٠، هەر لەو ساڵەدا سوریا وەک سیستمێکی پادشایەتی، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر کورت، مێژووی سیاسی نوێی خۆی دەستپێکرد، وە فەیسەڵی کوری حوسەین شەریفی مەککە بوو بە یەکەم پادشای ئەو وڵاتە. هەر لەو ساڵەدا، دوای بەریەککەوتنی سەربازیی، فەیسەڵ ناچار کرا سوریا، بەرەو عێراق، جێبهێڵێ و هەر لەوێ بوو بە یەکەم پادشای عێراق. 
      ئەزموونی فەرەنسا لە سوریا زۆر تایبەت بوو، بە واتای ئەوەی لە بری ئەوەی بە چەمکی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەست بە فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە بکات، سوریای کرد بە دوو یەکەی سیاسی گەورەوە: لە سەرەوە حەلەب وە لە خوارەوە دیمەشق، بەڵام دوای دوو ساڵ، واتە لە ١٩٢٢، فەرەنسا ئەو وڵاتەی کرد بە چوار پارچەوە (١- حەلەب لە باکور و باکوری رۆژهەڵات؛ ٢- لەتاکیا واتە ناوچەی عەلەوییەکان لە باکوری رۆژئاوا؛ ٣- دیمەشق؛ وە ٤- جەبەل دروز لە باشوری رۆژئاوا. بڕوانە نەخشەی خوارەوە، لاپەڕە ٩). ئەم دابەشبوونە تا ساڵی ١٩٤١-١٩٤٢ بەدەوام بوو و هەر لە ساڵی ١٩٤٢ جارێکی دیکە سوریا کرایەوە بە یەک، وەک وەڵامێکی ئەرێنی بە داواکارییەکانی ناسیۆنالیستە سورییەکان.   
      بە گشتی، کەمینەی دروز لە سوریا، بە بەراورد لەگەڵ قەوارەی بچوک و ژمارەی کەمی ئەم کەمینە ئاینییە، رۆڵێکی گرنگیان لە مێژووی نوێی سوریادا بینیوە. دروزەکان، بە سەرکردایەتی سولتان ئەترەش، رۆڵێکی گرنگ و گەوهەرییان لە شۆڕشی سوریادا، ١٩٢٥-١٩٢٧، دژی داگیرکاری فەرەنسیبینی بینی. دواتر ناوچەی دروزەکان یەکەم بەشی سوریا بوو کە، بە رابەرایەتی حەسەن ئەلئەترەش، لە ساڵی ١٩٤٥، لە چنگی فەرەنسا رزگاری بوو، واتە ساڵێک بەر لەوەی سوریا بە تەواوەتی لە چنگی فەرەنسا رزگاری ببێت. دوای سەربەخۆیی سوریا لە ساڵی ١٩٤٦، دروزەکان چاویان لەوەبوو کە بەرامبەر ئەو رۆڵەی لە خەبات بۆ رزگاربوون لە فەرەنسییەکان بینیبوویان، لە لایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە بە جۆرێک لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی پاداشت بدرێنەوە. بەڵام لە بری پاداشتدانەوە، دەسەڵاتدارانی دیمەشق نەک هەر ئەو پاداشتەی دروزەکانیان نەدایەوە بەڵکو بە گومانەوە لەو کەمینەیە نزیک بوونەوە و وەک "کەمینەیەکی مەترسیدار" وەسفیان کردن وە داواکارییە سیاسییەکانیان وەک "خیانەتکردن" وێناکرد. دواتر لە هێڕشێکی بەرفرواندا هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ناوەندی هێڕشێکی بەرفروانیان کردە سەر ناوچەکانی دروز، بە تایبەتی "جەبەل دروز"، وە توانیان ناوچەکە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکەن. . . 
      لە ساڵانی فەرمانڕەوایی ماڵباتی ئەسەد (١٩٧٠-٢٠٢٤) دروزەکان بە گشتی جۆرێک لە دڵنیاییان لە سوریا هەبوو کە لە رووی ئاین و باوەڕەوە ناچەوسێنەوە، چونکە دەسەڵاتی ئەم ماڵباتە بە دەسەڵاتی عەلەوییەکان ناسرابوو، کە ئەم کەمایەتییەش وەک گروپێکی پەیڕەوانی شیعە، یا جیابووەوە لە شیعە، بینراون. بەڵام، لە سەرەتای شۆڕشی بەهاری عەرەبییەوە، بەردەوام بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک، ناوچەی دروزەکان بە تایبەتی پارێزگای سوەیدا ، لە شێوەی خۆپیشاندانی جەماوەری، لە بەرهەڵستکارییەکی توند و تۆڵدا بوو دژی رژێمی ئەسەد. لە رۆژ و ساتەکانی کۆتایی فەرمانڕەوایی بەشار ئەسەدیش، "بەتالیۆنەکانی ئەلجەبەل"ی دروزەکان رۆڵێکی کاریگەرییان لە روخاندنی ئەو فەرمانڕەوایییەدا بینی. 
        یەکسەر دوای روخانی رژێمی ئەسەد، ئیسرائیل زۆر چاڵاکانە هەنگاوەکانی چڕ کردەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتایەکی زۆر زووەوە هەندێک هەنگاو بهاوێژێ بە مەبەستی ئەوەی کە بە شێوەیەک کاریگەری بخاتە سەر دواڕۆژی سوریا کە بۆ ساڵانێکی زۆر ئەو کاریگەرییە بتوانێ، بە پێی بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی، دواڕۆژی ئەو وڵاتە لەقاڵب بداتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ئیسرائیل سێ هەنگاوی سەرەکی هاویشت: یەکەم، وێرانکردنی ژێرخانی هێزی سەربازیی سوریا لە رێگای ژمارەیەکی زۆر لە هێڕشی ئاسمانی کە هاوتایان نەبووە لە مێژووی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ دووەم، پێشڕەویکردنی هێزە وشکانییەکانی ئیسرائیل بە مەبەستی داگیرکردنی خاکێکی زۆر لە باشوری رۆژئاوای سوریا کە هەر زوو بە سێ ئەوەندی تەواوی روبەری غەزە مەزەندە کرا؛ سێهەم، بە چڕی باسکردن لە چارەنووسی کەمینەکانی سوریا، بە تایبەتی کورد و دروز. بەڵام باسکردن و کاریگەری خستنە سەر چارەنوسی سوریا لە رێگای کاریگەری خستنە سەر چارەنووسی دروز هەم ستراتیژیتر و هەمیش ئاسانترە، واتە کەم کێشەترە، بۆ ئیسرائیل: ١) ئەو ناوچەیەی کە دروزەکانی سوریای تیادا دەژین، بە پێچەوانەی ناوچە کوردستانییەکان، هاوسنوورە لەگەڵ ئیسرائیل، بەم واتایەش هەر کاتێک ئیسرائیل بیەوێ بچێتە ناو ناوچە دروز نشینەکان و کۆنتڕۆڵیان بکات، بە تایبەتی سوەیدا، ئەوا لە رووی سەربازییەوە کارێکی زۆر ئەستەم نییە، تەنانەت ئاسانیشە؛ ٢) ئیسرائیل، ئەگەر بخوازێ، دەتوانێ بە ئاسانی کەمینەی دروز و ناوچەکانیان بە ئیسرائیلەوە پەیوەست بکات چونکە لە قوڵایی دەوڵەتی ئیسرائیلدا کەمینەیەکی دروز دەژین، لەوەش گرنگتر، وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، ژمارەیەکی بەرچاو لە دروزەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان دەژین کە پەیوەستکردنی دروزەکانی خواروی رۆژئاوای سوریا پێیانەوە، واتە بە دروزەکانی جۆلانەوە، زۆر ئاسانە؛ ٣) ئەزموونی دروزەکان لە رووی مافەکانی کەمینەکان لە ئیسرائیل سەرکەوتوبووە، بەمەش ئیسرائیل دەتوانێ نموونە و ئەزموونێکی سەرکەوتوی پپێشوتر، لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکانی ئیسرائیل، بە دروزەکانی سوریای پیشان بدات، بەم شێوەیەش بۆ خۆیانی رابکێشێ. نابێ ئەوەش لەبیر بکەین ئەگەر هاتو رژێمی داهاتوی سوریا بەرەو فەرمانڕەواییەکی ئیسلامی، بە تایبەتی توندڕەو، بڕوات ئەوا ئەم پێدراوەش دەبێتە هۆی ئەوەی دروزەکانی سوریا یا سەربەخۆیی یا ئیسرائیل هەڵبژێرن وەک وڵات کە بژاردەیەکی باشرە بۆ ئەوان، واتە بۆ دروزەکان.


سێ بژاردە لە بەردەم دروزەکانی سوریا
لە ئێستادا، کاتێک باس دێتە سەر دواڕۆژی دروزەکانی سوریا، دەتوانین باس لە کۆمەڵێک سیناریۆ بکەین. ئاوڕدانەوە لە مێژووی دروزەکان و ئاراستەکانی ئێستای پێشهاتەکان، لە سوریا و تەواوی ناوچەکە لە سێبەر و بە کاریگەری رووداو و پێدراوەکانی دوای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئەوەمان پێدەڵێن کە دروزەکانی سوریا لەگەڵ کۆمەڵێک سیناریۆ بەرەوڕوون:
١) جیابوونەوە لە سوریا: ئەم سیناریۆیە لە رووی کردارییەوە زۆر ئاسان نییە. جگە لەوەش هەر لە سەرەتاوە پێویستە بپرسین ئایا بە راست دروزەکان خۆیان ئامادەن بۆ هاویشتنی هەنگاوێکی لەم جۆرە. سەربەخۆیی ناتوانێ هەموو دروزەکانی سوریا کۆبکاتەوە، چونکە دواجار ژمارەیەکی زۆر لە دروزەکان لە دیمەشقیش هەن، ئەگەرچی ژمارەی هەرە زۆرییان لە ناوچەیەکی دیاریکراو، واتە خواروی رۆژئاوای سوریا بە تایبەتی لە پارێزگای سوەیدا، کۆبوونەتەوە. دەوڵەتێکی سەربەخۆی دروزەکان لەو ناوچەیەی کە لە ساڵانی ١٩٢٢-١٩٤١ بە ناوچەی "جەبەل دروز" ناسرابوو وە یەکێک بوو لە چوار "دەوڵەتەکەی" ناو سوریا، لە باشترین حاڵەتدا یەکەیەکی بچوک دەبێت و سنووری لەسەر دەریا نابێت، هەر لەبەر ئەوەش ئەستەمە کە توانای مانەوە و لەسەرپێ وەستانی هەبێت. (ئەگەرچی دەکرێ ئەم دەوڵەتە بچووکە لە رێککەوتنێکی توکمەدا لەگەڵ ئیسرائیل دەستی بگات بە دەریای سپی ناوەڕاست). جگە لەوەش سەربەخۆیی ناوچەی دروز پێویستی بە دانپیانانی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی هەیە. بەڵام پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە کە ئایا دروزەکان خۆیان لە سوریا دوای ئەسەد خوازیاری سەربەخۆیین وە ئایا خواستێکی ئەوها لە چ کات و بارودۆخێدا دەبێتە ستراتیج و خواستی دروزەکان؟؛
٢) بوون بە بەشێک لە ئیسرائیل: جگە لەوەی کە پێشتر لەم وتارەدا (لاپەڕە ٦) باسکرا، لە رووی مێژووییەوە پێشتر خواستێکی لەم جۆرە لە ناو دروزەکانی سوریادا دەرنەبڕاوە. بەڵام دوای ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە، وە بە تایبەتی پێشڕەوی هێزە چەکدارەکانی ئیسرائیل لە قوڵایی خاکی سوریا و زۆر نزیک لە ناوچە دروز نشینەکان، واتە پارێزگای سوەیدا، وا دەکات کە سیناریۆیەکی ئەوها باسی لێوە بکرێ وەک ئەگەرێکی کراوە، کە دەکرێت لە داهاتوودا دەستی بۆ ببرێ. 
      شاردراوە نییە کە ژمارەیەک پێدراو هەن کە دەکرێ یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی دەست بۆ ئەم سیناریۆیە ببرێ: أ- دروزەکانی ئیسرائیل وەک کەمینەیەکی ئاینی ئەزموونێکی سەرکەوتو دور لە چەوسانەوە بە هۆی باوەڕ و ئاین، پشتڕاست دەکەنەوە. ئەم کەمینەیە خۆی بە باشی لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا گونجاندووە و سەرکەوتو بووە لەوەی ببێتە بەشێک لە "جەستەی سیاسی" ئەو دەوڵەتە. جگە لەوەش ئەگەر ئاراستەی ئایدیۆلۆجی و سیاسی دەسەڵاتدارانی نوێ لە دیمەشق بە ئاراستەی توندڕەوی ئیسلامیدا ساغبووەوە، ئەوا پێدراوێکی لەم جۆرە دەبێتە هۆکارێک بۆ دروزەکان بۆ بەرەنگاریکردنی ئەو دەسەڵاتدارانە وە بەمەش دوور بکەونەوە لە دەسەڵاتی دیمەشق تا ئاستی بیرکردنەوە لەوەی کە ببن بە بەشێک لە ئیسرائیل. دواجار دەرەچەیەک بۆ ئەم پرسە رێکخستنی ریفراندۆم دەبێت لە ناو دروزەکانی سوریا، بە تایبەتی لە ناوچەی "جەبەل دروز" بۆ ئەوەی بڕیار بدەن ئایا دەخوازن وەک بەشێک لە سوریا بمێننەوە یا ئەوەتا ببن بە بەشێک لە ئیسرائیل؛ ب- تا ئێستا ئیسرائیل سنوری رەسمی و دیاریکراوی نییە و نەبوونی دەستوریش نەبوونی سنووری دیاریکراوی ئاسان کردووە. واتە سنوورەکانی ئیسرائیل لە دوای دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٤٨ "لاستیکی" بوونە، ئەمەش بە تایبەتی بۆ ئەوەی دەرگای فراوانخوازی ئیسرائیل و بەدەستهێنانی خاکی زیاتر، وەک خواستێکی بەشێکی زۆر لە زایۆنیستەکان، بە کراوەیی بمێنێتەوە. هەر ئەوەشە وایکردووە کە لکاندنی قودسی رۆژهەڵات و بەرزاییەکانی جۆلان تا رادەیەکی زۆر ئاسان بێت. لە راستیدا، ئەوە سنورەکانی وڵاتانی دراوسێن کە تا ئێستا سنورەکانی ئیسرائیل دیاریکردووە. جگە لەوەش دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، بە تایبەتی هێزە راستڕەوەکان، ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ئەو وڵاتە بەردەوام کێشەی کەمی خاک و ئاوی هەبووە وە بەردەوام هەوڵی دەستخستنی زیاتری ئەو دوو رەگەزەی داوە: ئاو و خاک دوو رەگەزی وجودین بۆ ئیسرائیل. لە دوای جەنگی حوزەیرانەوە، ئیسرائیل قودسی رۆژهەڵات و بەرزاییەکانی جۆلانی بە شێوەیەکی رەسمی بەخۆیەوە لکاندوە وە زیاتریش لە نیو ملیۆن ئیسرائیلی لە ناوچە فەلەستینییەکانی کەرتی رۆژئاوا جێنشین کردووە. هەموو ئەمە وا دەکات کە ئیسرائیل لە داهاتوودا، هەڵبەتە لە دۆخێکی لەبار و گونجاودا، سیناریۆی لکاندنی ناوچەی دروزەکان لە خواروی رۆژئاوای سوریا بوروژێنێ. لە روی داننانی نێودەوڵەتییەوە، بە تایبەتی داننانی ئەمریکا بە لکاندنێکی لەم شێوەیە، لە دۆخی دەسەڵاتی سەرۆک دۆناڵد ترامپ، کە ٢٠ی ئەم مانگە دەستپێدەکات، بە ئەگەری زۆر ئەستەم نابێت. چونکە هەر وەک پێشتر گوترا، ترامپ لە ساڵی ٢٠١٩ دانی بەوەدا دانا کە بەرزاییەکانی جۆلان بەشێکی جیانەکراوەن لە خاکی ئیسرائیل.  
      دەبێ ئەوەش ئەوەش لەبیر نەکەین کە، بە ئەگەری زۆر، لە حاڵەتی لکاندنی ناوچەی دروزەکان (خواروی رۆژئاوای سوریا) بە ئیسرائیلەوە، رێگا بۆ تورکیا خۆش دەکات کە ئەویش لە بەرامبەردا داوای حەلەب بکات بۆ ئەوەی بخرێتە سەر خاکی تورکیا. بە هەر حاڵ پەیوەندیدارکردنی ناوچەی دروز لە لایەک وە حەلەب لە لایەکی دیکەوە بە یەکەوە پێویستی بە تێگەیشتن و رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئیسرائیل هەیە؛
٣) سیستمی فیدڕاڵی یا ئۆتۆنۆمی: ئەم چارەسەرە زۆر وابەستەی ئەو شێوە چارەسەرەیە کە لە ماوەی دواییدا، لێرە و لەوێ، باسی لێوە کراوە و لە داهاتوشدا باشتر روون دەبێتەوە. هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە بڕیار لەسەر چارەنووسی سیستمی سیاسی لە سوریا پڕۆسەیەکی ئاسان نابێت و کاتی زۆریشی پێدەچێت، ئەگەرچی دەتوانین هەر ئێستا بڵێین کە ئاماژەکان نیگەران ئامێزن تا دڵخۆشکەر. هەر لە ئێستاوە ئەبو محەمەد جۆلانی (رێبەری گشتی ئیدارەی نوێی سوریا) دەڵی "پڕۆسەی نووسینەوەی دەستور ٣ تا ٤ ساڵی پێدەچێت". بە هەر حاڵ، هەر زوو دوای چەند رۆژێک لە روخانی رژێمی ئەسەد، من پێم وابوو کە هەر لە سەرەتاوە "شۆڕشی سیانزە ساڵییەکەی سورییەکان لە لایەن ئیسلامییەکانەوە رفێنرا، یا دزرا". 
      من باوەڕم وایە کە هەر لە سەرەتاوە دروزەکان ئاماژەی ئەوەیان داوە کە چاوەڕوانی "ناڕوون و نادیار" ناکەن وە لە ئێستاوە هەوڵی ئەوە دەدەن کە "ئەمرێکی واقیع"، تەنانەت بە زەبری هێز، لە ناوچەکانیان بچەسپێنن، بۆ ئەوەی دوا جار ئەم "ئەمری واقیعە" بکەن بە کارتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان، بە تایبەتی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق.
      لە دیدێکی کوردستانییەوە هەر سێ حاڵەت و سیناریۆی سەرەوە کوردانی رۆژئاوای کوردستان پەیوەندیدار دەکەن. لە روووی سیاسییەوە نزیکبوونەوەی کورد لە سیناریۆ پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی دروزەکانەوە هەر چەند فراوان و کراوە بێت ئەوەندە باشە: بەسەرهاتی پێکهاتەکانی دیکەی سوریا بە گشتی، بە باش یا خەراپ، کاریگەری راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی رۆژئاوای کوردستان دەبێت!          

 

نەخشەی دابەشبوونی سوریا بۆ چوار "دەوڵەت یا یەکەی سیاسی" جیاواز، ١٩٢٢-١٩٤٢

-----------------------------------------------------------------------
بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە PDF کلیك بکە

سەرچاوەکان
جگە لە ژمارەیەک زۆری سەرچاوەی هەواڵ، بە گشتی سود لەم سەرچاوانەی خوارەوە بینراوە

• Ataman, Muhittin 2003, “Islamic Perspective on Ethnicity and Nationalism: Diversity or Uniformity?” Journal of Muslim Minority Affairs, Vol. 23, Issue 1
• Karlsson, Ingmar 2005, Korset och halvmånen, (Stockholm: Wahlström & Widstrand)
• Nisan, Mordechai 2002, Minorities in the Middle East, (London: McFarland & Company)
• Kastrinou, A Maria A 2016, Power, sect and State in Syria: The Politics of Marriage and Identity amongst the Druze, (Bloomsburg Publishing).