د.عه‌لى قه‌ره‌داغى: دراوه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان ته‌نها له‌نێوان ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌كرێت بۆیه‌ حه‌رامه‌و پڕ مه‌ترسیه‌

لە میدیاکانەوە

03/05/2025‌ 3143 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لەجیهان ڕایدەگەیەنێت، سێ جۆری دراوی ئەلیکترۆنی‌و کاغەزو ژمارەیی هه‌یه‌، دراوی ژمارەیی حەرامەو پڕ مەترسییە، به‌ڵام دراوى كاغه‌ز بێ كێشه‌یه‌، ده‌شڵێت:"دراوه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌كان تەنها لەنێوان دەوڵەمەندەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت، هیچ یەکێک لەو دەوڵەمەندانەی دراوی ژمارەیی، نانێک نادەن بەهەژارێک، بۆیە مامەڵەکردن بەو دراوە حەرامەو زۆر پڕ مەترسییە".

د.عەلی قەرەداغی سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لەجیهان لەبارەی هەرسێ جۆری دراوی ئەلیکترۆنی‌و کاغەزو ژمارەیی ئاماژەی بەوەکرد، "دراوە کاغەزەکە کە زۆر باوە وەکو دیناری عێراقی‌و دۆلارو دراوەکانی دیکەی کاغەزەو بێ کێشەیە".

ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "دراوی ئەلیکترۆنیش وەکو ڤیسا کارت‌و هاوشێوەکانی ئێستا لەجیهان باوەو کاری پێدەکرێت، ئاساییە، گرفتی سەرەکی لەسەر دراوی ژمارەییە وەکو بیتکۆین، ترەمپ ئێس‌و جۆرەکانی دیکەش، ئەمەیان تەنها ئاڵوگۆڕەو هیچ خزمەتێکی نییە، لەڕوی شەرعەوە دروست نییەو هیچ بنەمایەکی نییە، هاوکات هیچ کەس خاوەنی ئەو پارەیە نییە".

قەرەداغی دەشڵێت:"بەشی دوەمی ئەو دراوە، خزمەتێک پێشکەشدەکات‌و نزیکەی 20 پێگەی فەرمیان هەیە، شێوازێکی حەڵاڵە، بەڵام شێوازی یەکەم حەرامە، چونکە هیچ بنەمایەکی نییە".

سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامی لەجیهان بۆ میدیاى نزیك له‌پارتى قسه‌یكردوه‌و جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "ماوەیەک پێش ئێستا لەتورکیاو چەند وڵاتێک، چەند پێگەیەکی ئەلیکترۆنیان کردەوەو 82 ملیار دۆلاریان کۆکردەوە، دواتر پێگەکان داخران‌و کەس نەیزانی ئەوکەسانەی پێگەکانیان بەڕێوەدەبرد چیان بەسەرهات".

ئه‌وه‌شى وت:"بەهای ئەو دراوانە سێ ترلیۆن دۆلارە لەجیهاندا، لەو سێ ترلیۆن دۆلارە یەک هەژار سودی لێ نابینێت، تەنها لەنێوان دەوڵەمەندەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت، هیچ یەکێک لەو دەوڵەمەندانەی دراوی ژمارەیی، نانێک نادەن بەهەژارێک، بۆیە مامەڵەکردن بەو دراوە حەرامەو زۆر پڕ مەترسییە".