بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پشکی کۆمپانیا بەرگرییەکانی تورکیای دابەزاند

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2685 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کەرتی پیشەسازیی بەرگری تورکیا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەشێوەیەک پشکەکانی کۆمپانیای  ASELSAN بۆ پیشەسازییە بەرگرییەکان دابەزینێکی بەرچاوی لەئاڵوگۆڕی بازرگانی دوێنی دوشەممەدا تۆمارکردوە.


ئەم پاشەکشەیە لەدوای ئەو ڕاگەیاندنە مێژوییە هات کە دوێنێ دوشەممە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە بڵاوکرایەوە کە بریتیبوو لەبڕیاری کۆتاییهێنان بەچالاکیی چەکداریی‌و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکەی، به‌گوێره‌ى بەیاننامەی کۆتایی کۆبونەوەکە، سەرجەم چالاکییەکانی پەیوەست بەو ڕێکخراوە شۆڕشگێرییە دژ بەتورکیا پشتڕاستکردەوە.

دوای ئەم ڕاگەیاندنە، پشکەکانی کۆمپانیای ئاسێلسان بەڕێژەی نزیکەی 5.70%، واتە 8.50 خاڵ دابەزینیان بەخۆوە بینی‌و گەیشتە 140.70 خاڵ.

شیکاران هۆکاری ئەم دابەزینەیان بۆ خواستی وەبەرهێنەران بۆ فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگری گەڕاندەوە دوای بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان.

تائێستا ئاسێلسان کە یەکێکە لەگەورەترین کۆمپانیا بەرگرییەکانی تورکیا، هیچ لێدوانێکی فەرمیی سەبارەت بەم پێشهاتە دەرنەکردوە.