ئێران له‌باره‌ى بڕیاره‌كه‌ى په‌كه‌كه‌وه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 11458 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشوازیی لەبڕیارەکەی پەکەکە کردو ڕایگەیاند، "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی توندتیژیی‌و سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە".


ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی کۆنگرەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەو چەکدانان ڕایگەیاند، "پێشوازیی لەبڕیارەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوه‌و چەکدانان دەکەین، هاوکات ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نەهێشتنی توندتیژیی‌و سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە".

هیواشی خواست، ئەنجامی پرۆسەکە ببێتە هۆی سەقامگیریی زیاترو ئاشتی لەتورکیا.

دوێنێ دوشەممە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12مین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لەنێوان 5 بۆ 7ی ئەم مانگە، لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوەچوو.

پەکەکە لەڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەکرد، "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی‌و وێرانکاریی لەدژی گەلەکەمان نەهێشتوە، پرسی کورد لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندوەتە خاڵی چارەسەرکردن‌و لەمڕوەوە پەکەکە ئەرکی مێژویی خۆی تەواوکردوە، لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12مینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن‌و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لەژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکەو کۆتاییهێنان بەشێوازی خەباتی چەکداریدا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن".