موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە دەڵێت "بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایهێنانی تێكۆشانی چەكداری پراكتیزە بكرێت دەبێت دەوڵەتی تورك دەستبەجێ گۆڕانكاری یاسایی بكات".
موراد قەرەیلان لە كۆنگرەی دوازدەی پەكەكەدا وتی "كۆتایهێنان بە تێكۆشانی چەكداری كۆتایی نییە، بەڵكو دەستپێكی سەردەمێكی نوێیە".
هەروەها دەڵێت "ڕێبەرێتی هێڵێكی نوێی ئافراند. هێڵی نەتەوەیی دیموكراتیك و سۆسیالیزمی كۆمەڵایەتیی و دیموكراتیكی پێشخست. ئەمەش پێویستی بە گۆڕانكاری بوو. گۆڕینی پەكەكە پێویست بوو. هەمان گۆڕانكاریش بۆ ڕێبازی تێكۆشان پێویست بوو. یانی ڕێبازی تێكۆشانی شەڕی چەكداری. بە فەرمی ماوەی ٤١ ساڵ شەڕی چەكدارییمان بەڕێوەبرد.
دەشڵێت "شەڕی چەكداریی مێژوویەكی مەزنی بونیادنا. داستانێكی مێژوویی بە پیتی زێڕین نوسییەوە و لە مێژووی كوردستان و مرۆڤایەتییدا ناونشین كرد. بەرخۆدانێكی لەم شێوەیە بەڕێوەبرا. یانی گەریلا و پەكەكە سەركەوتووە".