شارپرێس:
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە نوری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، دۆخی دارایی ئێستای عێراقی بەمەترسیدار وەسفدهكاتو هۆشداریشدهدات لەوەی، موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی مەترسی لەسەرە.
سائیر مەخیف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاشكرایكردوه، "قەیرانی دارایی هەیەو ڕاستەقینەیە، لەئێستا بەرۆکی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی گرتوە".
ئاماژەی بەوەشکردوه، "ئەم قەیرانە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر موچەی فەرمانبەران، هەروەها دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ هەندێک پڕۆژەی گرنگ کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە".
مەخیف ئهوهشى وتوه، "ئەم قەیرانە وایکردوە حکومەت بڕێک پارەی دانراوی باج بکێشێتەوە، ئەم ڕێکارانەی حکومەت ئاساییە کە ئامانجی پێدانی موچەیە، چونکە دواخستنی موچەو دابینەکردنی پارە بۆ فەرمانبەران، کارەساتی گەورەو مەترسیداری لێدەکەوێتەوە شەقام دەهێنێتە دەنگ، هەربۆیە حکومەت پەنای بۆ ئەم بژاردەیە بردوە".
باسى لهوهشكردوه، "پرۆسەی هێنانەوەی پارە لەبانک، حکومییەو لەچوارچێوەی یاساییدا دەکرێت، ئێمە لەپهرلهمانى عێراق بەدڵنیاییەوە بەدواداچونو چاودێری ئەمکارە دەکەین لەڕێگەی ئۆرگانە تایبەتمەندەکانی کارگێڕییو چاودێرییەوە".
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، حکومەت بیر لەهەڵوەشاندنەوەی بودجەی ساڵی 2025 دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوەیە، چونکە کورتهێنانی دارایی زیادیکردوە.
سەرچاوەکە باسی لەوەشکردبوو، "ئەنجوومەنی وەزیران لەدانیشتنەکانی پێشویدا بەفەرمی باسی خشتەی بودجەی نەکردوە، هەروەها تەیف سامی، ئەنجومەنی وەزیرانی ئاگادارکردوهتەوە کە کورتهێنانێکی گەورە لەخشتەکانی بودجەدا هەیە".
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتوە، ئەو پارەیەی حکومەت دەیکێشێتەوە پارەی دانراوی هاوڵاتیان نییە، بەڵکو حسابی سیادیی وەزارەتی داراییەو هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنو سۆشیال میدیا پروپاگەندە بڵاودەکەنەوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی بانکی ناوەندیی، "یەدەگی بەکارنەهێنراوی بانکی ڕافیدەین گەیشتوەتە زیاتر لەچوار ترلیۆنو 277 ملیار دینار، بەڵام یەدەگی بەکارهێنراوی چوار ترلیۆنو 263 ملیار دینار بوەو بەمجۆرە کۆی یەدەگی بانکی ڕافیدەین لەبانکی ناوەندی 8 ترلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک دەستی لێنەدراوە".
سهبارهت بهموچهى فهرمانبهرانى ههرێمیش، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستانیشە ڕایگەیاند، "ئەمساڵ کێشەوگرفت بۆ موچەی فەرمانبەرانو موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستنابێتو مانگانە حکومەتی عێراق پارەی موچە ڕەوانە دەکات".