وەزارەتی نەوت: حکومەتی هەرێم پابەندی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بەنەوت نەبوە

ئابوری

04/05/2025‌ 325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق لە سوتەمەنی گازۆیلدا خۆبژێوی بەدەستهێناوە و کاردەکات بۆ وەستاندنی سوتانی غاز پێش ساڵی 2028، دەشڵێت، حکومەتی هەرێم پابەندی هەمواری یاسای بودجە تایبەت بەنەوت نەبوە.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای بەسرە بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکی پەیمانگای مەشقی نەوت، عەبدولغەنی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "رێژەی ئەو غازەی کە کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوت وەبەرهێنانیان تێداکردوە ئێستا گەیشتوەتە 67%، و تا کۆتایی ئەمساڵیش دەگاتە 70%و سوتانی غازیش دەوەستێنرێت پێش ساڵی 2028”.

ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتەکە لەم دواییانەدا کارەکانی هاوردەکردنی غازی فراوانتر کردوە، تەنها پشتی بە غازی ئێران نەبەستوە".

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە، عەبدولغەنی ڕونیکردەوە، "حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ حکومەتی هەرێم ڕێککەوتوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ ئاسانکاری وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە".

ئەوەشیخستەڕوو،" کاتێک هاتەسەر ئەوەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێت، سەرسام بووین بە مەرجی زیادە، کە پەیوەستە بە میکانیزمی کۆکردنەوەی باجی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن".

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی،" هەمواری یاسای بودجەمان کردوە، بریتییە لە دانانی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری بۆ دیاریکردنی میکانیزمی حیسابکردنی تێچوی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل بۆ هەریەک لەو کێڵگانەی لە هەرێم هەن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەموارکردنەوەیەی پەسەند نەکردووە.

 ڕوونیشیکردەوە، “هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێم زیانی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت، کە دەگاتە زیانی 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەپێی بەڵێنەکانی بە ئۆپێک دراون، هەروەها نەوتی کوردستانیش وەک بەشێک لە پشکی عێراق هەژمار دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی سودی لێ وەرناگیرێت”.