مانگی ڕابردوو ۱۲۲ بەندکراو لەسێدارە دراون

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 158 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۲۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی نیسانی ٢٠٢٤ لانی کەم ۵۹٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۷۷ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۲۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ناسنامەی ۱۱۸ بەندکراو بە تەواوی ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی چوار بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

لەو مانگەدا، لانی کەم ۵ چالاکی ئایینی بەناوەکانی عەبدولڕەحمان گۆرگیچ، عەبدولحەکیم عەزیم گۆرگیچ، تاج محەممەد خورماڵی خەڵکی ئاق قەڵا، فەرهاد شاکیری خەڵکی گونبەد کاووس، مالیک عەلی فەدایی و ۳ بەندکراوی سیاسی بەناوەکانی حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو خەڵکی چالدێران، ڕۆستەم زەینەددینی خەڵکی لاشار و موحسین لەنگەرنشین خەڵکی نۆشەهر لەسێدارە دراون.

سزای سێدارەی لانی کەم چوار ژن لە بەندیخانەکانی مەشهەد و ئیسفەهان (هەر یەک ۲ حاڵەت) جێبەجێ کراوە کە سێ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و یەک کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لە ماوەی مانگی ئەپریلدا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ تۆمار نەکراوە.