شارپرێس:
گرژییەکانی نێوان هیندستانو پاکستان بەردەوامنو سوپای هەردوو وڵات بەدرێژایی سنورەکان تەقە لەیەکتر دەکەن، لەژێر ڕۆشنایی ئەم پێشهاتانەدا، دەسەڵاتدارانی کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت، داوایان لەدانیشتوان کردوە کە بۆ ماوەی دوو مانگ پێداویستییە خۆراکیەکان عەمبار بکەن.
لای خۆیەوە چاودری ئەنوەرولحەق سەرۆک وەزیرانی کشمیر کە لەلایەن پاکستانەوە بەڕێوەدەبرێت ڕایگهیاندوه، دانیشتوانی ئەو 13 قەزایە ڕێنماییکراون کە بۆ ماوەی دوو مانگ پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان کۆبکەنەوە.
لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ پەرلەمانی هەرێمەکە وتویەتی:"حکومەت سندوقێکی فریاگوزاریی بەبڕی یەک ملیار ڕوپیە (یەکسانە بەزیاتر لەسێ ملیۆن یۆرۆ) بۆ دەستەبەرکردنی خۆراکو دەرمانو پێداویستییە سەرەتاییەکانی دیکە تەرخانکردوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، دەسەڵاتداران ئامێری حکومەتیان بەتایبەتی ئامێرەکانی چاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان بەدرێژایی هێڵی کۆنترۆڵ جێگیرکردوە.
لەو چوارچێوەیەدا، حکومەتی پاکستان ڕایگەیاندوه، زانیاریی هەواڵگریی متمانەپێکراوی پێگەیشتوە کە هیندستان پلانی هێرشێکی سەربازیی نزیکی هەیە، ئەمەش وایکردوە دەسەڵاتداران هەموو قوتابخانەکانی فێرکردنی قورئان کە ژمارەیان 1100 قوتابخانەیە لەکشمیر بۆ ماوەی 10 ڕۆژ دابخەن، ئەمەش لەپێشبینیکردنی هەر جۆرە هەڵکشانێکی گرژییەکان.
پەیوەست بەو بابەتە، ئەمریکا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردوەتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژیی دۆخی نێوان هەردوو وڵات، بەشێوەیەک جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای لەهیندستان کردوە تائەوپەڕی دان بەخۆیدا بگرێت، بۆ ئەوەی دۆخەکە بەرەو ئەوە نەچێت بگاتە ئاستی جەنگێکی سەربازیی سەرتاسەریی لەنێوان دوو وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمیی.
