ئەمڕۆ دووشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشە نوێیەکە بۆ سەر غەززە، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی چڕ دەبێت کە ئامانج لێی تێکشکاندنی حەماسە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئیسرائیل چەندە خاکی کەرتی غەززە کۆنترۆڵ دەکات.
ناتانیاهۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "دانیشتووانەکەی غەززە لەپێناو سەلامەتی خۆیان دەگوازرێنەوە".
هاوکات دەستەی پەخشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاند، کابینەی ئەمنی نەتانیاهۆ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فراوانکردنی وردە وردەی هێرشەکانی دژی حەماس لە کەرتی غەززە، کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی کەرتی غەززە و پێشخستنی بیرۆکەی کۆچی خۆبەخشانەی دانیشتووانەکەی.
بەگوتەی سەرچاوەکان ئیسڕائیل زیاتر لە 60 هەزار سەربازی یەدەگی بانگکردووەتەوە و چاوەڕێدەکرێت ئۆپەراسیۆنێکی نوێی مەترسیدار لەغەززە دەستپێبکات، بەڵام ڕەنگە بکەوێتە دوای سەردانەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.