شارپرێس:
شەوی شەممەی ڕابردوو ئیسرائیل هەشت پێگەی لەدەوروبەری دیمەشقو حەما لەڕێگهی هێرشی ئاسمانییەوە کردە ئامانج، لەنێویاندا پێگەکانی سەر بەلیواکانی سوڵتان مورادو سلێمان شا کە لەلایەن ئەنكەرەوە پاڵپشتیدەکرێن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبوهوە کە فڕۆکە جەنگییە ئێف 16کانی تورکیا بەسەر ئاسمانی باکوری سوریادا سوڕاونەتەوەو دەوریەی ئاسمانییان لەهەمان ئەو ناوچەیەدا ئەنجامداوە کە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان تێیدا سوڕاونەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، فڕۆکەکانی تورکیا سیستەمی جەنگیی ئەلیکترۆنییان بەکارهێناوە بۆ ناردنی سیگناڵی هۆشداریی بۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل، هەروەک ئاڵوگۆڕێکی ڕادیۆیی کورت لەنێوان هەردولا تۆمارکراوە، بەڵام نەگەیشتوهتە ئاستی ڕوبەڕوبونەوەیەکی ڕاستەوخۆ.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئیسرائیل دوای ئەم ڕوداوەپۆلێکی دیکەی فڕۆکەی جەنگیی ڕەوانەی ناوچەکە کردوە، بەشێوەیەک 14 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلی ئەو ڕۆژە لەبواری ئاسمانیی سوریادا سوڕاونەتەوە.
هەروەک باس لەوەدەکرێت، ئەرکانی گشتیی سوپای ئیسرائیل هۆشداریداوەتە واشنتۆن بەوەی ئەگەر تورکیا لەداهاتودا هەر سەرپێچییەک بەرامبەر بەفڕۆکەکانیان ئەنجامبدات ئەوە بەئامانج دەگیرێن، هەروەک تورکیاش لای خۆیەوە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم پێشهاتانە بڵاونەکردوهتەوە.
