عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەکاتەوە

ئابوری

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2097 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایەکی ئابوریی عێراقی ئاشکرایکرد، لەمانگی حوزەیرانی داهاتوەوە هەریەک لەسعودییەو عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزدەکەنەوە.


نەبیل مەرسومی شارەزای بواری ئابوریی ڕایگەیاندوە، هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس بڕیاریداوە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بەڕێژەی 411 هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا زیادبکات، ئەمەش لەمانگی حوزەیرانی داهاتوەوە دەستپێدەکات.

بەوتەی مەرسومیی، ئەم زیادکردنە یەکسانە بەسێ ئەوەندەی کەمبونەوەی پێشوو.

جەختیشیکردوه‌تەوە، بەم بڕیارە، بەرهەمی سعودیە بۆ 9.367 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرزدەبێتەوە، عێراقیش بۆ 4.086 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا.

مەرسومی ڕونیشیکردوه‌تەوە، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی زیادبونی دابینکردنی نەوت لەبازاڕەکاندا بەبەراورد لەگەڵ لاوازیی خواست، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.

هەروەک ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕیارە دەتوانێت سەرەتای شەڕی نرخ بێت کە ئامانج لێی سزادانی ئەو وڵاتانە بێت کە پابەندنین بەڕێژەی بەرهەمهێنان‌و لاوازکردنی بەرهەمهێنەرانی نەوتی بەردیین کە تێچوی زۆریان هەیە.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە گرژییە ناوخۆییەکانی ناو ئۆپێک+ بەهۆی پابەندنەبون بەپشکی بەرهەمهێنانەوە سەریهەڵداوە، لەهەمانکاتیشدا بازاڕی جیهانیی بەدەست خاوبونەوەی ئابوریی‌و دابەزینی خواستەوە دەناڵێنێت، سەرەڕای ئەوەی پێشتر هاوپەیمانییەکە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی بۆ پاڵپشتیکردنی نرخەکان پەیڕەوکردبوو.